جووتیارانی کورد و تورکمان لە گوندی تۆپزاوە بەردەوامن لە مانگرتن

K24 - هەولێر:

جووتیارانی کورد و تورکمان لەسەر مانگرتنی خۆیان لە گوندی تۆپزاوە بەردەوامن و دەڵێن، دەبێت کێشەکەنمان بەتەواوی چارەسەر بکەن.

حاجی مەحموود دانیشتویەکی گوندەکەیە و دەڵێت: هیچ گرەنتییەک نیە عەرەبی هاوردە و سوپای عێراق نەیەنەوە سەر زەوییەکانمان، ئەگەر بۆیان بکرێ ناسنامەمان لەم ناوچەیە دەسڕنەوە.

مانگرتنی گوندشینانی گوندی تۆپزاوا لەکاتێکدایە کە دوێنێ لەکاتی سەردانی وەزیری بەرگری عێراق بۆ کەرکووک چەند نوێنەرێکی شارەکە لەگەڵ وەزیر کۆبوونەوە.

نەجوە کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەڵێنیان لە وەزیری بەرگری وەرگرتووە کە سوپا دەستێوەردان لە کاروباری جووتیاران نەکات.

عەدنان یوسف، دانیشتوویەکی سنووری گوندی تۆپزاوە، باس لەوە دەکات، تاپۆی سەردەمی عوسمانیان هەیە بەڵام فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک دانیپێدانانێت و کارەکانیان رایی ناکەن.