ئاژانسی وزەی ئەتۆم: پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران 23 ئەوەندەی بڕی رێگەپێدراوە
k24 - هەولێر:
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکی نهێنیدا کە کۆپییەکی لەلایەن ئاژانسە جیهانییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە نزیک 5 تۆن کە ئەمەش 23 ئەوەندەی بڕی رێگەپێدراو لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیدایە.
ئەم راپۆرتە نهێنییە کە کۆپییەکی لەلایەن ئاژانسەکانی فرانس پرێس و ئاسۆشەیتێدپرێسەوە بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات، پاشکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە چوار هەزار و 700 و 44 کیلۆگرام.
بەپێی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بۆی هەیە 202 کیلۆگرام و 800 گرەم یۆرانیۆمی پیتێندراو پاشەکەوت بکات و ڕێژەی پیتاندنەکەش نابێ لە 3.5 زیاتر بێت.
بەڵام راپۆرتەکەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێ ئێران 114 کیلۆگڕام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60٪ پیتێندراوی هەیە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دوو دۆسیەی ناکۆکیی نێوان ئێران و ئاژانسەکە سەبارەت بە دۆزینەوەی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی ٪84 پیتێندراو و هەروەها بنکەی ئەتۆمیی مەریوان لە پارێزگای ئیسفەهان داخراون و ئێران سەبارەت بەم دوو دۆسیەیە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی داوەتەوە.
رافائێل گڕۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانس رایگەیاندووە، کێشەکانی نێوان ئێران و ئاژانس ئاڵۆزن و هێشتا دوو لایەن لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی.
ئاژانسی تەسنیمی ئێران بە ئاماژەکردن بە داخرانی دوو دۆسیەی نێوان ئێران و ئاژانس ئاشکرای کردووە، کامێراکانی چاوەدێریی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە بنکەی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی ئیسفەهاند و دوو بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆم جارێکی دیکە چالاک کراونەتەوە.
لە پاش بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتێژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆسیەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە بەرنامەی کاری حکومەتی ئەمەریکادا نییە بەڵام هەرگیز رێگا نادات کۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بە گوتەی جۆن کێربی، حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رووسیا بڕیاری داوە زیندووکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی لە بەرنامەی کاری لابدات.