له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان تێڕوانینی چه‌پی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به پرسی كورد تاووتوێ ده‌كات

K24 - هەولێر:
شۆڕشی كورد له عێراق به‌تایبه‌تی له سه‌ره‌تای ساڵانی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌رده‌وام شۆڕشێك بووه له‌پاڵ داكۆكیكردن له مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، برایه‌تی نێوان كورد و عه‌ره‌بی پاراستووه، مسته‌فا بارزانی له ماوه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ییدا ئه‌و بنه‌مایه‌ی زیاتر پاراست، به‌و هۆیه‌وه‌ش بووه جێی سه‌رنجی ده‌یان و سه‌دان بیریار و ئه‌كادیمیستی عه‌ره‌بی و نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی دیكه، عه‌بدولحوسێن شه‌عبان، ئه‌كادیمیست و بیرمه‌ندی چه‌پی عه‌ره‌ب له به‌رنامه‌ی ئه‌مجاره‌ی به‌رنامه‌ی له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان" بوو، كه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس پێشكه‌ش ده‌كریت، به‌شداربوو و باسی له په‌یوه‌ندی خۆی و پرسی كورد و ئاشنایه‌تی به مه‌لا مسته‌فا بارزانی و هه‌ڵوێستی كه‌سایه‌تییه عه‌ره‌به‌كان ده‌رباره‌ی دۆزی كورد كرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1957 به‌یاننامه‌یه‌كی له رێگه‌ی رۆژنامه‌یه‌ك كه حزبی شیوعی عێراقی سه‌رنجی راكێشاوه، كه به بۆنه‌ی نه‌ورۆز ده‌ریكردبوو، ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ دۆزی كورد په‌یدا كردووه و له‌وێیه هه‌نگاوی بۆ ئه‌وه ناوه زیاتر تێكه‌ڵ به‌و پرسه ببێت و له ماف و داواكارییه‌كانی كورد تێبگات.
گوتیشی، له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ـی ته‌مموزی 1958، رووداوێكی گرینگ باس ده‌كرا، كه ئه‌ویش پرسی كورد بوو له عێراق، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ژماره‌یه‌ك وێنه له شاره‌كانی عێراق بڵاوكرانه‌وه، كه له‌ناویاندا وێنه‌یه‌كی سه‌ركرده‌ی كورد مه‌لا مسته‌فا بارزانی بوو، كه دواتر له ئۆكتۆبه‌ری 1958 له رێگه‌ی میسره‌وه له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت گه‌ڕایه‌وه عێراق، گه‌ڕانه‌وه‌كه‌یشی به‌ڵگه بوو له‌سه‌ر بانگه‌وازه‌كه‌ی بارزانی بۆ برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب، كه ئه‌وان له ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورددا هه‌ڵیانگرتبوو. جه‌ختیشیكرده‌وه، كه بارزانی سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌موو ئه‌و ململانێ و دژایه‌تییانه‌ی به‌رامبه‌ر خۆی و دۆزه‌كه‌ی ده‌كرا، به‌ڵام به‌رگری له دروشمه‌كه‌ی بۆ برایه‌تی نێوان كورد و عه‌ره‌ب ده‌كرد و به ته‌واوه‌تی پاراستی.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش راكێشا، كه چه‌پ و حزبی شیوعی دیدگایه‌كی گشتگیرتر و به‌رفراوانتریان بۆ دۆزی كورد هه‌بوو، كه پێیان وابوو، به‌بێ ده‌سته‌به‌رنه‌كردنی دیموكراسیی، ناكرێت كورد به مافه‌كانی بگات و هه‌وڵیان بۆ بدات، له‌م سۆنگه‌یه‌وه حزبی شیوعی له كۆنگره‌ی دووه‌می خۆیدا له ساڵی 1956 به وردی كاری له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كرد و كردییه پرسێكی ئۆرگانی، ئه‌ویش له رێگه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد به بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و بانگه‌وازی مافی چاره‌ی خۆنووسین و سه‌ربه‌خۆیی، كه دیدگا ئۆرگانییه‌یش له‌سه‌ر بنه‌مای دیدگای برایه‌تی نێوان كورد و عه‌ره‌ب بونیات نرابوو بۆ داننان به مافی چاره‌ی خۆنووسینی یه‌كتری و یه‌كسختنی تێكۆشانی هاوبه‌ش، له دژی نه‌یارانی هه‌ردوو گه‌لی كورد و عه‌ره‌ب، له دژی هاوپه‌یمانی به‌غدا و له دژی ده‌سه‌ڵاتی پادشایه‌تی و له دژی كۆڵۆنیالیزمی به‌ریتانی.
هه‌روه‌ها باسی خه‌باتی خۆی كرد له‌ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه له شۆڕشی ئه‌یلوولدا و روونیكرده‌وه، به‌شداریكردن و په‌یوه‌ندیكردنی به ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له دیدگای چه‌پییه‌تییه‌وه بووه، كه بڕوای پێی هه‌بووه. گوتیشی، خه‌باتی پێشمه‌رگه دوو قۆناغی له‌خۆگرتبوو، قۆناغی یه‌كه‌م، قۆناغی دوای ساڵی 1961 بوو، به‌تایبه‌ت كه ناوچه‌ی بارزان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه بۆردوومان كرا، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، ده‌بێت ئه‌وه روون بكرێته‌وه، كه بارزان 17 جار له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه بۆردوومان كراوه. گوتیشی، كه ئه‌و كات ئه‌وان دروشمی سوننیان له كوردستان به‌رزكرده‌وه و كارییان بۆ سه‌رخستنی ئه‌و دروشم و داواكارییه ده‌كرد، گوتیشی، له‌لایه‌ك داوایان له حكومه‌تی عێراق كرد بۆ ئه‌وه‌ی بۆردوومانه‌كانی رابگرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌یش داوایان له بارزانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ و بۆردوومانه‌كان بوه‌ستێنرێت و مافه‌كانی كورد دابین بكرێت، جه‌ختیشی كرده‌وه، كه مافه‌كانی كورد مافی دادپه‌روه‌رانه‌ن و ده‌بێت دانیان پێدا بنرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له ساڵی 1964 شیعره‌كانی محه‌ممه‌د مه‌هدی جه‌واهیریان له ئێزگه‌ی عێراق تۆمار ده‌كرد، كه یه‌كێك له شیعره‌كانی بریتی بوو له "قلبي لكردستان يُهدى والـــفم - ولقد يجود بأصـغـريـه الـمـعـُـدم"، " بـأسـم (الأمـين) الـمـُصـطـفى مــن أمةٍ - بحـياته عـنــد الـتـخـاصم تـُقسـَمُ". كه له‌و شیعره‌دا ستایشی كورد و مسته‌فا بارزانی ده‌كات و به هۆیه‌وه ده‌یخاته ژێر كاریگه‌رییه‌كانی.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی خسته به‌رباس، كه له ساڵی 1992 توانیویانه 50 كه‌سایه‌تی ده‌سته‌بژێری كوردی و عه‌ره‌بی كۆبكه‌نه‌وه، كه عه‌ره‌به‌كان جگه له عێراقییه‌كان، سووری و سعوودی و ئه‌وانی دیكه‌یشیان تێدابوو، كه به‌یه‌كه‌وه قسه‌یان له‌سه‌ر فیدڕاڵی، كۆنفیدڕاڵی، حوكمی فیدڕاڵی، مافی چاره‌ی خۆنووسین و مافی هاووڵاتی و چه‌ندین چه‌مكی دیكه‌یان كردووه، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و كات پرسیاره‌كه ئه‌وه بووه، ئایا كورد له عێراق ده‌توانن قه‌واره‌یه‌ك پێكبهێنن؟ وه‌ڵامی ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ردا چی ده‌بێت؟ له راستیدا تا ئێستاش ئه‌م چه‌مكانه له‌دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه هێشتا له عێراق گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كورد ده‌توانێت بۆ ئه‌وه‌ی دنیای عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی له خۆی و پرسه‌كه‌ی نزیك بكاته‌وه، پشت به لایه‌نی هونه‌ری، رۆشنبیری و فۆلكلۆری و مۆسیقایش ببه‌ستێت و گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌بی بانگهێشتی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه دۆخی راسته‌قینه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببین و به دیدگایه‌كی فراوانه‌وه بڕواننه كوردستان و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی.
ئه‌و بیرمه‌نده عه‌ره‌به سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه ئایاری ساڵی 1970 سه‌ردانی كوردستانی كردووه و له به‌رسرین چاوی به سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كه‌وتووه و دواتر چووه‌ته گه‌ڵاڵه و له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری دیداریان هه‌بووه و پاشان چاوی به مه‌لا مسته‌فا بارزانی كه‌وتووه، عه‌بدولحوسێن به زه‌رده‌خه‌نه‌وه، ده‌ڵێت "به سه‌رنجه‌وه له چاوه‌كانی بارزانیم ده‌ڕوانی، كه هه‌مان ئه‌و چاوانه بوون، كه جه‌واهیری له شیعره‌كه‌یدا باسی كردووه!" گوتیشی، له‌و دیداره‌دا هه‌موو رووداوانه‌ی بۆ باس كردووه، كه له به‌غدا و خوارووی عێراق رووی ده‌دا، به‌تایبه‌تی كه ئه‌و كات حكومه‌تی عێراق هه‌ڵمه‌تێكی له دژی چه‌په‌كان و هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی ده‌ستپێكردبوو.
له درێژه‌ی ئه‌و باسه‌دا گوتی، له كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی، عه‌زیز شه‌ریف، وه‌زیری ئه‌و كاتی وه‌زاره‌تی دادی عێراق بوو میوانه بووه. ده‌ڵێت، بارزانی پێی گوتم، هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی رووداوه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی دیكه بۆ ئه‌وی باسكردبوو، بۆ عه‌زیز شه‌ریفیش باسی بكات. دواتر بارزانی داوای له ساڵح یووسفی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراق بنووسێت، به‌و شێوه‌یه ساڵح یووسفی نامه‌كه‌ی نووسیوه و بارزانی له كۆتایی نامه‌كه‌دا ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆزی نووسی بوو "لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا". كه دواتر ئه‌و نامه‌یه له رۆژنامه‌ی "طریق الشعب" و به چه‌ندین زمان بڵاوكراوه‌ته‌وه، چونكه یه‌كه‌مین ئاماژه‌ی نه‌رێنی بوو له دوای رێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری ساڵی 1970، كه دژی ره‌فتاره‌كانی حكومه‌تی عێراق بڵاوكرایه‌وه. جه‌ختیشیكرده‌وه، كه بارزانی به‌هۆی بیرتیژی و وردبینییه‌كه‌یه‌وه، دركی به‌وه كردبوو كه له داهاتوودا شتگكه‌لێكی نه‌رێنی رووده‌دات، كه دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، هه‌وڵی تیرۆركردنی درا.