وەزیری ناوخۆی ئێران ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
K24 - هەولێر
وەزیری ناوخۆی ئێران ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات "سەبارەت بە سەردانیکردنی زیارەتکاران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق" و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، "سڵاو و ڕێزی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان گەیاندە بەرپرسانی ئێران"
ئەمڕۆ هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە: یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ڕۆژی پێنجشەممە 2023.6.1، بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ئێران و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری بازرگانی و پارێزگارانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و پارێزگارانی ئازربایجانی ڕۆژئاوا"ئورمیە"، سنە، کرمانشان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، لە ئورمییە ئەنجامدرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەکەیان بە گرنگ وەسف کردوو و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: "ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەموو ئەو هاوکاری و ئاسانکاریانەی لە هەموو بوارەکانەوە پێشکەشی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراقیان کزد لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هەر لەدابینکردنی ئاسایش و گواستنەوە و مانەوەیان لە هەولێر، بۆ ئێمە مایەی سەرسامی بوو لەو هەموو خزمەتەی پێشکەش بەهاوڵاتیانمان کرا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارێزگاری هەولێر دەکەین".
لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە: "وێڕای گەیاندنی سڵاو وڕێزی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامادەبووانی کۆبوونەوە، گفتوگۆمان لە بارەی بەرەوپێشوەبردنی پەیوەندییەکان کرد، سەبارەت بە هاتنی زیارەتکارانیش هەروەک بەڕێز وەزیری ناوخۆ ئاماژەی پێدا، پارساڵ وەک ئەزموونی یەکەم (70 تا 80 هەزار) زیارەتکار لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراقیان کرد، بۆ ئەمساڵ هەردوولامان هەموو ئامادەکاریەکمان کردووە، تاکو نزیکەی (500 هەزار) زیارەتکاری ئێرانی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بکەن".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "وێڕای ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختمان لە پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان کردەوە کە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکیان لەو پەیوەندییە هەیە، خواستی حکومەتی هەرێم و ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێم بۆ بەروەپێشبردنی پەیوەندییەکان خستە ڕوو، بەوهیوایەی ئەو کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکانی داهاتووشمان لەگەڵ یەک سوودی زیاتری هەبێت بۆ هەردوولامان".