ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک لەسەر فرۆشتنی دەمانچەی قەدەغەکراو دەستگیر دەکات

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بەهۆی فرۆشتنی دەمانچەی قەدەغەکراو راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، "لەلایەن هێزەکانمان لە رۆژی (4ـی حوزەیرانی 2023)، بە پلانێکی تایبەت، تیمەکانمان توانییان تۆمەتبارێک بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بکەن کە کاری کڕین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەکرد لە جۆری (دەمانچەی تورکی) کە ئەم جۆرە دەمانچەیە بەپێی یاسا قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە"
هاوکات ئاسایشی هەولێر داوا لە دانیشتووانی شاری هەولێر دەکات بە تایبەتیش دایکان و باوکان، ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە ئەم جۆرە دەمانچانە جێگای مەترسین و لە دەرەوەی یاسا، لەلایەن هەندێک کەسی لە یاسادەرچوو کاری کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، "بۆیە ئەگەر لەم جۆرە دەمانچانە لای رۆڵەکانتان هەیە، بۆ پاراستنی گیانیان و دوورخستنەوەیان لە ئەنجامدانی تاوان، داواکارین سەردانمان بکەن و ئەو جۆرە دەمانچانەمان رادەست بکەن یاخود ئاگادارمان بکەنەوە، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک لەم جۆرە دەمانچانەی لابێت یان چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داماڵینی چەكی بێمۆڵەتەوە رایگەیاند، دوای 21ـی تەمموزی ئەمساڵ یاسای چەك بە تەواوەتی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و هەر کەسێکیش دوای ئەو بەروارە چەکی بێمۆڵەتی پێبێت، خۆی و چەکەکەی دەدرێنە دادگا و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هەروەها لەماوەی رابردووشدا، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ، هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایشی هەولێر چەند هەڵمەتێکی فراوانیان لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدا، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەکی بێمۆڵەت و دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەکی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتادا گرت.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هەر چەکێک لە دوای 21ی تەمووزی 2023 بەدەست هەر هاووڵاتیەک بگیرێت، هاووڵاتیەکە دەستگیر دەکرێت و بە گوێرەی ماددەی 15 لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 سزا دەدرێت و چەکەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.
بە گوێرەی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 15 ی یاسای چەک: "هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندەکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت".