حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک: ئەگەر چارەسەری دۆخی کەرکووک نەکرێت کارەسات روودەدات

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک

K24 - هەولێر

حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور بە تاکە چارەسەر بۆ کێشەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک دەزانن و دەڵێن، "ئەگەر چارەسەری دۆخەکە نەکرێت، کەرکووک لە کۆنتڕۆل دەردەچێت و کارەسات روودەدات".

رۆژی دووشەممە 5ـی حوزەیرانی 2023، کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک لە بارەگای مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان ئەنجام درا. دواتر لە راگەیەندراوێکدا بەشداربووانی کۆبوونەوەکە نیگەرانی خۆیان لەبەرامبەر دۆخی شاری کەرکووک دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کردووە، "رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی شاری کەرکووک بەرەو ئاڵۆزی و ناجێگیری سیاسی زیاتر هەنگاو دەنێت و بازنەی تەعریبکردنی شارەکە لە فراوان بوونەوەدایە و هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە زیاتر چڕکراونەتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک هۆشداری دەدەن "ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەکرێت، ئەوا کەرکووک لە کۆنتڕۆل دەردەچێت و کارەسات روودەدات". ئەوەش خراوەتەڕوو، "رووداو  وپێشهاتەکانی تۆپ زاوا و پێشتریش، دەرخەی ناجێگیری رەوشی کەرکووکە".

حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک لە پێنج خاڵدا ژمارەیەک داواکارییان ئاراستەی حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدار کردووە و  جەخت لەوە دەکەنەوە، "جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکووک".

داواکارییەکانی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک:

1. دەستبەجێ ئەو رووپێویەی کە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامی دەدات رابگیرێت.

2. هەرچی زووە نوێنەرانی کەرکووک بەسەرجەم پێکهاتەکانییەوە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژی لەم شارە هەیە، بە پێچەوانەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەبەردەم مەترسیدایە.

3. جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکووک و پێویستە هەوڵی جدی بۆ بدرێت و فشار لەسەر بەغدا دروست بکرێت چیدیکە هەوڵی خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی نەدات.

4. پێویستە ئەرکی سوپا تەنها پاراستنی سنوورەکان بێت و دوور بێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و کێشە ململانێیە سیاسی و یاساییەکان.

5. پشتگیری تەواو لە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکەین لە پاراستنی مافەکانیان و جێیان ناهێڵین.