مەسرور بارزانی پێشانگەی هایتێکسی لە هەولێر کردەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 6/6/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی هایتێکسی لە هەولێر کردەوە.

ئەمە چوارەم جارە پێشانگەی هایتێکس لە هەولێر دەکرێتەوە، بۆ ئەمساڵ 121 کۆمپانیا لە 20 وڵات جیاواز بەشداریان کردووە و لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە ئەوانیش پێشانگە، کۆنفرانس، ئەستێرەکانی داهاتوو و گۆشەی کاریگەر.

 هایتێکس چالاکییەکی تەکنەلۆژیایە و تێیدا نوێترین و دوایین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان نمایش دەکرێن، رێکخەرانی پێشانگەکەش خۆشحاڵن بە بەشداریکردنی حکومەت و سەرۆکی حکومەت لە هایتێکس.

رابەر کەریم، بەرپرسی بەشی فرۆشتن و رێکخەری پێشانگەی هایتێکس بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاتێکسی ئەمساڵ دەربارەی بە دیجیتاڵکردنی عێراق و هەرێمی کوردستانە، زۆربەی ئەو کۆمپانیایەی بەشداری پێشانگەکە دەکەن دەیانەوێت پیشانی ژینگە و بازاڕ و حکومەتی بدەن، کە ئامادەن وەک سەرچاوەیەکی تەکنەلۆژی سەیر بکرێن، تاوەکو حکومەت زیاتر پشت بە کۆمپانیا نێوخۆییەکان ببەستێت لە بواری بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.

گوتیشی: "ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی زۆر گەورەیە و جددییەتی حکومەت پیشان دەدات لە بابەتەکەدا، هەروەها وادەکات کۆمپانیا بیانییەکان نەترسن لەوەی بێنە هەرێمی کوردستان.