عومه‌ر سامه‌ڕائی: نابێت له ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌مبكرێته‌وه
K24 – هەولێر:
ئه‌ندامێكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان جگه له پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی هاوڕان و كێشه‌یان نییه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، نابێ رێگه بدرێت له پرسی بودجه‌دا پارێزگایه‌ك به‌سه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌دا زاڵ بكرێت، گوتیشی، نابێت هه‌رێمی كوردستان كه‌متر له ماف و شایسته‌كانی پێ بدرێت.
عومه‌ر سامه‌ڕائی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی گشتی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژدا كه ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24 پێشكه‌شی ده‌كات، سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان كه پێشتر له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان كراون، رێككه‌وتنێك بووه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا واته له‌نێوان ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمی كوردستان، گوتیشی، هه‌موو فراكسیۆنه سیاسییه كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت هاوڕان، ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌بێت، كه له‌باره‌ی بودجه‌وه له‌گه‌ڵیان رێكنه‌كه‌وتووه.
سامه‌ڕائی باسی له‌وه‌شكرد، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی شایسته‌ی دارایی خۆیه‌تی، بۆیه پێویسته هه‌موو شایسته‌كانی له بودجه‌دا دابین بكرێت، به‌ڵام ناكرێت به‌و شێوه‌یه بێ، گوتیشی ده‌بێت كار بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه له‌به‌رده‌م بودجه‌دا هه‌یه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی گشتی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی به پێویستیشی زانی لێكتێگه‌یشتنێكی باش له‌نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی هه‌مووان بگه‌نه چاره‌سه‌رییه‌كی ریشه‌یی سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتیدا. گوتیشی "ئێمه وه‌كوو ره‌وتی حیكمه به‌وه رازی نابین، هه‌رێمی كوردستان كه‌متر له شایسته‌كه‌ی پێ بدرێت، گه‌لی كورد به‌شێكه له گه‌لی عێراق و ناكرێت له ماف و شایسته‌كانی بێبه‌ش بكرێت و له گه‌وره‌ییه‌كه‌ی كه‌م بكرێته‌وه و نابێت جیاكاری له‌نێوان شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق بكرێت".
عومه‌ر سامه‌ڕائی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی، رێكنه‌كه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ندی به خودی كاروباره‌كانی ناوخۆی پارتییه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا هه‌موو پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه هاوڕان و رازین. گوتیشی، ناكرێت به‌سره زیاتر له به‌غدا ببات، نابێت پارێزگایه‌ك له پارێزگایه‌كی دیكه زیاتر ببات، به‌ڵكو پێویسته به یه‌كسانی دابه‌ش بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ده‌بێت كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا كار له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه بكه‌ن.
به پێویستیشی زانی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت، گوتیشی، ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و جۆره كێشه و ئاسته‌نگانه باشترین میكانیزم بگیرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق چیتر به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌وه گرفتار نه‌بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه كرد، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، گوتیشی "نابێت هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌ستوه‌ردان له‌و رێككه‌وتنه بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا نابێت پارێزگایه‌ك به‌سه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌دا زاڵ بێت و شایسته‌كانی له هی پارێزگایه‌كی دیكه زیاتر بێت".
رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێك گۆڕانکاری دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی‌دا کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.
لە ماددەی 13 بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەك زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.
هەروەها لە ماددەی 14 گۆڕانکاری لە بەشێك لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (8-9-10-11-12)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانکاری تێدا کراوە هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێ بە دانانی کۆی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌پێی ئه‌م گۆڕانكاریەش پێگه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم وه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی ناوه‌راست و باشوور حسابی بۆ كراوە، نەک وەک هەرێمێکی دەستووری.
لە خاڵی هەشت هاتووە لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوا 15 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارەسەریش نەکرا ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم رادەگیرێت ئەمەش واتە مەقەستی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم هەمیشە تیژ و ئامادەییە.
لە خاڵی نۆی ماددەی 14ـی بودجەدا هاتووە حکومەتی هەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکومەتی بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی هەیە.
هەروەها لە خاڵی 10، حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم پابەندن بەوەی رێگری بکەن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمەش بە واتای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە 200 هەزار بەرمیل کە لە ماددەی 13 هەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل رادەست نەکات شایستە داراییەکانی هەرێم نانێردرێت.
لە خاڵی 11ـشدا هاتووە کە حکوماەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی 12ـش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.
ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە ماددەی 13 و 14ـدا هاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕانکارییانە لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستانە.