هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەبارەی پشکی هەرێم لە کۆبوونەوەدایە

K24 - هەولێر:

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و چەند بەرپرسێکی کوردیش لە حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هەریەک لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەشدارن.

سەرەڕای ئەوەی کە سبەی پێنجشەممە دیاری کراوە بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی بودجەی عێراق، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت دواجار رەشنووسەکە لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بیهێنێتە نێو هۆلێ کۆبوونەوە، بەڵام ئەوەی جێی تاڕامانە، ئەوەیە کە تا ئێستا تەواوی بڕگە و ماددەکانی نێو پرۆژەیاسای بودجە کۆتایی نەهاتووە و دەنگیان لەسەر نەدراوە، هەروەها رەشنووسی بودجە تا ئێستا ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە.

ئێستا جۆرە بۆچوونێک لەلای خەڵکی دروستکراوە، کە گوایە کە پشکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەم رەشنووسە و، دواجار لایەنە کوردستانییەکان رێگە نادەن، رەشنووسەکە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، بابەتە بەوجۆرە نییە، وەک چۆن دوێنێ وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی پێدا، ئەگەر گۆڕانکاری لە رەشنووسی بودجە بکرێت، بە نموونە گواستنەوەی پارە لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکە یان لە بودجەی گشتییەوە بۆ پارێزگاکان، ئەوکات ئەوان لە دادگای باڵای فیدراڵی تانەی لێدەدەن.

جگە لەوانە، کۆمەڵێك گرفتی دیکە هەیە، بۆ نموونە لیژنەی دارایی نزیکەی 320 هەزار پلە دامەزراندنی خستووەتە رەشنووسی بودجەوە کە خودی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەکردووە، حکومەت ناتوانێت لەمکاتەدا فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت، ئەمەش بەهۆی کورتهێنانی بودجەوە، کە بڕەکەی 64 ترلیۆن دینارە.