ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەکات
K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی حوزەیرانی 2023) لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، جەخت لەسەر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە سەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش کراوەتەوە.
هەروەها بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە، ئەنجوومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە (6ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە پەیوەندییەکەدا، هیوای خواستووە بەیەکەوە کار بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بکەن.
هەروەها رۆژی یەکشەممە (28ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا. هیوادارم لەم خولەی سەرۆکایەتیدا، زیاتر برەو بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بدەین".
رۆژی شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە بەردەم خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد و دواتر کابینەی نوێی حکومەتی تورکیای راگەیاند و رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2023 یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بوو و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێنا.
ئەمەش لە کاتێکدایە چاوەڕێ دەکرێت کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا وەڵامی ئەو نووسراوەی حکومەتی عێراق بداتەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە کە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.
دوای ئەوەی لە رۆژی (4ـی نیسانی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا و دواتریش کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکرا، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان.