یەکەمین دیمانەی شانۆیی کوردی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت

K24 - هەولێر

بە ئامانجی پردی پێوەندی و تێکەڵبوونی کولتوورەکان، ناساندنی ھونەری شانۆیی کوردی، یەکەمین دیمانەی شانۆی کوردی دیاسپۆرا، لە ژێر درووشمی بیرەوەی، گێڕانەوە، گەڕانەوە بۆ نیشتمان، بۆ شانۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.

لە رۆژانی  16، 17،  18ی ئەم مانگە، بەم ناونیشانە، دیمانەکە وەک دەستپێک و ھەنگاوی یەکەمە بۆ زیاتر ناساندن و لێکنزیکبوونەوەی کولتوورە جیاوازەکان و چێژ بینین لەھونەری شانۆیی.

کاروان عەلی مەجول وەک سەرۆکی دیمانەکە، بە کوردستان24ی گوت: "شانۆ ئەو ھونەر زیندوەیە، کە ھەموومان کۆدەکاتەوە، بۆیە ئێمەی گرووپی هونەریی کابارێتی کوردی، یەکەم ھەنگاومان بەرەو رێکخستنی یەکەمین دیمانەی شانۆیی نا. خۆشحاڵم، کە دەبینە مایەی کۆکردنەوەی چەند شانۆکارێکی بە ئەزموون کە سەردەمانێک ئێمەیان فێری خۆشەویستنی شانۆ دەکرد. با ئەم بەیەکگەیشتنە بکەینە دیمانەی جوانی و ئازادی و پەیامی مەزنی شانۆ، ھیواخوازیشم کە ئەم دیمانەیە بکەینە نەریتێکی ساڵانە".

رۆژی 16ی ئەم مانگە دەستپێکی دیمانەکە بەمشێوەیە دەبێت:

یەکەم پێشانگەی نیگارکێشی  لەلایەن ھونەرمەند شیلان رەشید و چەند پارچە میوزیکی کوردی لەلایەن ھونەرمەندان (فاروق میرزا سدیق).

 وتەی سەرۆکی دیمانەکە پێشکەش دەکرێت لەلایەن ھونەرمەند: کاروانی عەلی مەجۆلەوە.

دواتر وتاری گرووپی کابارێی کوردی کە رێکخەری دیمانەکەیە لەلایەن ھونەرمەند ڕزگار مونزیرەوە پێشکەش دەکرێت. پاشان دوو بەرھەمی شانۆیی پێشکەش دەکرێن.

ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: مۆنۆدرامای (فرمێسک لە چاوی رۆژگاردا).

نووسینی مەهاباد قەرەداغی و دراماتورگی دەهەب باولۆس و وەرگێڕانی بۆ زمانی ئەڵمانی (د.نیگار حەسیب قەرەداغی) و ئامادەکردن و نواندنی ھونەرمەند (فرمێسک مستەفا).

ھەروەھا میوزیکی بەرھەمەکەش لەلایەن  ھونەرمەند فاروق میرزا سدیقەوە ئامادەکراوە. ئەم نمایشە لە کاتژمێر:19:00ی ئێوارە بە زمانی ئەڵمانی پێشکەش دەکرێت.

 نمایشی دووەم: بەرھەمی گرووپی کابارێی کوردییە بەناوی (لایکچی)، نووسین و دەرهێنانی  ھونەرمەند رزگار مونزیرە و نواندنی ھەر یەک لە ھونەرمەندان (ھیوا عەونی و فاروق میرزا سدیق)ـە. ئەم بەرھەمە کارێکی کۆمیدییە لە کاتژمێر: 20:45ـی شەو بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.

رۆژی دووەمی دیمانەکە 17/6/2023، پێکھاتووە لە دوو بەرھەمی شانۆیی بەمشێوەیە:

یەکەم: شانۆی رێحانە، لە نووسین و دەرهێنانی ھونەرمەند گەزیزە عومەر و نواندنی ھەر یەک لە ھونەرمەندان: بێگەرد ئەحمەد و بڕیار رەشید و فرمێسک مستەفا.

 ئەم کارەش بەرھەمی تیپی هاوڕێیانی گەزیزەیە و لە کاتژمێر: 19:00 بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.

 بەرھەمی دووەمی ئەو ئێوارەیە، بەرھەمێکی لابوری شانۆی لالشە لە وڵاتی نەمسا و بریتیە لە پیرفۆرمانسێکی فیدیۆی بەناوی  (یادەوەری)، کۆنسێپت و کامێراو دەنگ و میلۆدی و ئامادەکاری ڤیدیۆی و پیرفۆرمەر ھونەرمەند(د.نیگار حەسیب قەرەداخی)ـیە و کاتژمێر: 21:00 شەو پێشکەش دەکرێت.

رۆژی سێھەمی دیمانەکە 18ی مانگ  بەم شێوەیە دەبێت:

 یەکەم: سیمینارێک بۆ نووسەر و دەرهێنەر میرزا مەتین لەژێر ناونیشانی (جوڵە شانۆییەکانی باکووری کوردستان لە نێوان لاسایکردنەوە و گێڕانەوەدا).

رێکخەری سیمینارەکە لەلایەن شانۆ مەتۆوە بەڕێوەدەچێت.

کاتژمێر: 14:00ی پاش نیوەڕۆ، پاشان تیپی نواندنی سلێمانی، مۆنۆدرامای (ژنێکی تەنیا) لە نوسینی فرانکۆڕاماو داریۆفۆ و وەرگێڕان و دەرهێنانی: فازیڵ قەساب. لە نواندنی ھونەرمەند (نەشمیل غەریب)، لە کاتژمێر:18:00 ی ئێوارە بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.

جێگەی باسە لە کاتژمێر: 20:00 ی شەو وتاری کۆتایی دیمانەکە لە لایەن کاروان عەلی مەجۆلەوە پێشکەش دەکرێت.

جێگەی باسە لە دوای ھەر نمایشێک لە نمایشەکانی ئەم دیمانەیە گفتوگۆیەکی کراوە لەلایەن ھونەرمەند بورهان قەرەاخیەوە بۆ ھونەرمەندان و بینەران رێکدەخات، دەستەی باڵای ئەم دیمانەیەش لەم ھونەرمەندانە پێکھاتوون: کاروان عەلی مەجۆل: سەرۆکی دیمانە.

فرمێسک مستەفا: رێکخستن و پەیوەندییەکان.

بورهان قەرەداغی وتەبێژی دیمانەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: جێگەی خۆیەتی، کە بڵێین زۆر لە ھونەرمەندان و میدیاکاران و کەسانی خۆبەخش لە پشت ئەم دیمانەیەن تا کارەکانی بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت لە پێناو ئاڵوگۆڕی کولتووردا.

.