پۆلیسی گەرمیان: پیاوێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا
K24 - هەولێر:
پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای کەلارەوە تەرمی هاوڵاتیەک گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، کە بەهۆی بەرکەوتنی چەقۆوە گیانی لەدەستدابوو.
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەوبارەیەوە رایگەیاند، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوای لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەر ئەو چەقۆیەدا گرتووە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.
گوتیشی: سێ تۆمەتبار لەسەر رووداوەکە دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە خێزان و کچێکی کوژراوەکە و برای خێزانی کوژراوەکە.
ئاماژەی بەوەشدا، خێزانەکەی بەناوی (ا- ع - ف ) لەدایکبووی 1981 دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان و بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و کوشتویەتی.
کوژراوەکە ناوی (زێدان حەمید مەجید)ـەو لەدایکبووی 1975، پیشەی پێشمەرگەیە و خاوەنی پێنج منداڵ بووە.
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری راشیگەیاند، هەر سێ تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969 بەندکراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.