کازم زوبەیدی: دەستێکی دەرەکی هەیە دەیەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکات

K24 - هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، بەشێکی زۆری بودجەی ئاوەدانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دزراوە، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان بەو بودجە کەمە توانیوەتی شارەکانی ئاوەدان و پێشکەوتوو بکات. هاوکات راشیگەیاند، دەستێکی دەرەکی هەیە بە هاوکاری لایەنە ناوخۆییەکانی هەرێم هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات.

کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، بودجەی هەرێمی کوردستان هۆکاری دۆخی خراپی پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەبووە، بەڵکو رێژەی %88 لە بودجەی عێراق دەدزرێت و بۆ ئاوادانی پاریزگاکانی دیکەی عێراق بەکار ناهێندرێن، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان بەو بودجە کەمە %12.67 توانیوەتی بەو شێوەیە ئاوەدان و پێشکەوتوو بێت.

هەروەها راشیگەیاند، هەر کەسێک لە وڵاتێکی دیکەوە بیەوێت سەردانی عێراق بکات، سەرەتا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی سەرنجی وڵاتان.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە باسی لەوەشکرد، دەستێکی دەرەکی هەیە بە هاوکاری هەندێک لایەنی ناوخۆیی دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن.

گوتیشی: "وڵاتێکی دراوسێ هەیە نایەوێت هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت، بەڵام ناتوانن بەسەر هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، چونکە هەرێم بە خوێنی شەهیدان دروستبووە و خەڵەکەی و حکومەتەکەی پارێزگاری لێدەکەن".

کازم زوبەیدی، ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئاشتیخواز و درواسێ دۆستە، هەروەها هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی بەهێز دامەزراوە بە رێگەیەکی راستدا دەڕوات.

لەبارەی سەرۆک بارزانی، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گوتی: "من بینیم سەرۆک بارزانی هیوایخواست حکومەتی عێراق پێکبهێندرێت و دەستی هاوکاری بۆ درێژکردن، هەمیشە دەیویست عێراق سەقامگیر بێت".

Fly Erbil Advertisment