پاکستان... بە هۆی بارانبارینی بەخووڕ و بای بەهێز 27 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر
بەرپرسانی پاکستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایانگەیاند، بارانێکی بەخوڕ و بای بەهێز لە باکووری رۆژئاوای پاکستان روویدا، کە بەهۆیەوە 27 کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەشتیان منداڵن.
تەیمور عەلی خان، گوتەبێژی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "لانیکەم 12 کەس بەهۆی رووخانی سەقف و دیواری ماڵەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
درەنگانی شەوی رابردوو باو بارانی بەخووڕ چوار قەزای پارێزگای خەیبەر پختونخوای گرتەوە، تەنها لە قەزای بانو 15 کەس گیانیان لەدەستدا کە پێنج خوشک و برایەک لە نێوان ئەو کەسانەدابوون کە تەمەنیان لەنێوان دوو بۆ 11 ساڵیدا بوو.
هەر بەهۆ ئەو باو بارانەوە زیاتر لە 140 کەس بریندار بوون و زیاتر لە 200 سەر ئاژەڵیش مرداربوون.
ساڵی رابردوو پاکستان بارانبارینی وەرزی هاوینەی بەخووڕی بەخۆیەوە بینی کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی ژێرئاو کەوت و زیانی بە دوو ملیۆن ماڵ گەیاند، و زیاتر لە هەزار و 700 کەسیش گیانیان لەدەستدا.
دەسەڵاتدارانی باشووری ئەو وڵاتە ئەمڕۆ یەکشەممە رایانگەیاند، کە زریانێک لە پاکستان و هیندستان نزیک دەبێتەوە، کە لە دەریای عەرەبیەوە دێت.