ئاسایشی نیشتمانیی عێراق زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکات
باسم بەدری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە لەندەن زانیاریی نەبیستراوی لە بارەی هێرشەکەی ئەم دوایەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاشکراکرد و دەڵێت: لەوانەیە هێرشەکە پەیوەندیی بە ناکۆکییە سیاسییە هەنووکەییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، بە تایبەت ئەو ناکۆکییەی ئێستا لەنێوان یەکێتی و پارتییەوە هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لەمیانەی پانێلێکدا لە پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن، باسم بەدری باسی لە ئاڵنگارییە ئەمنی و هێرشەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی: لە راستیدا بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئاڵنگارییە گەورەکانی رووبەڕوومان دەبێتەوە، کە هەڕەشەیەکی بەردەوامە، هەروەها دڵنیاین لەوەی عێراق توانا و ئەزموونێکی باشی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەیە، ئەو ئەزموونەشی هەمانە بە بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بۆ هەموو جیهان روونە و سەلمێنراوە.
گوتیشی: بەڵام ئاستی هەڕەشەکان جیاوازە و دەگۆڕێن، ئێستا قەبارەی هێرش و هەڕەشەکان دوو هێندە بوون، خۆی لە هێرشی درۆنی و مووشەکی دوورمەودا دەگرێتەوە، هێرشەکانیش لە دەرەوەی سنوور دەکرێن. ئەوەشی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان، لێکەوتەی جەنگی هەرێمی و بەرژەوەندییەوە هەبێت، بەڵام ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کۆرمۆر بە تەواوی جیاوازە، وەک بۆ هەمووان روونە، ئێستا قەیرانێکی سیاسی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە.
هەر لە پانێلەکەدا، باسم بەدری لەوەڵامی پرسیاری یەکێک لە ئامادەبوواندا گوتی: نازانم زانیارییەکانت میدیاییە یان هەواڵگرییە بۆ ئەوەی وەڵامت بدەمەوە، بەڵام زۆر بە ئاسانی دەتوانم پێت بڵیم لەوانەیە هێرشەکە لەلایەن لایەنێکی کوردییەوە کرابێت. بەڵام ناتوانین بڵێین گرووپێکی چەکداری یان لایەنێکی دەرەکی بێت، بۆیە دەبێت بە وردییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکەین.
هەروەها رایگەیاند: ئەوەی گرنگە وەک حکوومەتی عێراق ئاماژە و زانیاریی هەیە، بەتایبەت لەسەر ئەم دوا هێرشەی کراوە، منیش بە تایبەت زانیارییم لەسەر شێواز و چۆنییەتی و ئاراستەی هێرشەکە هەیە. بەڵام گونجاو نییە باسی بکەم، ئەمە بۆ کاتی خۆی جێدەهێڵین.
درەنگانی شەو یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە سنووری شارۆچکەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی گازی سروشتییە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان و بڕێکی زۆر لە گازی ماڵانیش دابین دەکات.
بەهۆی هێرشەکەوە و زیانگەیاندن بە بەشێکی سەرەکی کێڵگەکە گەیشت و ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی وەستا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش لە 3700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزی، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بۆ 5 تا 6 کاتژمێر لە 24 کاتژمێردا .
دوای هێرشەکە، بە فەرمانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی لیکۆڵینەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگە گازی کۆرمۆر پێکهێنرا و لەمبارەوە سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو لیژنە ئەمنییەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکیهێناوە، دەستی بە کارەکانی کردووە".
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش دا، لیژنە ئەمنییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، بە وردی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و دواتر ئەنجامەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن.