موحسین مەندەلاوی: رۆژانە 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکەین

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە دەڵێت: بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە عێراق نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیلە، سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە.

چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، لە میانی بەڕێوەچوونی هەشتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی عێراق لە پەیمانگەی "چاتام هاوس" لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: لەگەڵ رێکخراوی ئۆپێک لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکەین و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لە پلانیدایە بۆ دوو ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بگەینێتە حەفت ملیۆن بەرمیل.

مەندەلاوی ئاماژەی بەوە کرد، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە عێراق نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیلە، لەو رێژەیە سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، هەروەها ئەو رێژەشی کە دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە.

شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق، رایگەیاندبوو: دانوستان لەگەڵ ئۆپێک هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بڕی هەناردەکردن، ئەوەش بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەی عێراق هەیەتی و سروشتی ئەو بارودۆخانەی لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا پێیدا تێپەڕیوە.

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا زیاتر لە 533 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە و کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 37.38 ملیار دۆلار.