پەیامێک لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: دڵنیابن هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت
K24 - هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، هەڵوێستی جوامێرانەی نیشتمانپەروەران لە لایەک و ناپاکیی نیشتمانفرۆشان لە لایەکی تر، لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (11ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، "هەموو لایەک دڵنیابن هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت و سازش لە مافە دەستوورییەکان ناکەین.
هەڵوێستی جوامێرانەی نیشتمانپەروەران لە لایەک و ناپاکیی نیشتمانفرۆشان لە لایەکی تر، لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) June 11, 2023
هەموو لایەک دڵنیابن هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت و سازش لە مافە دەستوورییەکان ناکەین.
ئەم پەیامەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، لە پەرلەمانی عێراقدا پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) بەڕێوەدەچێت.
ئەوەی تایبەت بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا، لە چەند ماددەیەک ئاماژەی پێکراوە کە پێشتر لە (4ـی نیسانی 2023) بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق، رێککەوتنی لەبارەوە واژووکرا، بەڵام چەند بڕگەیەکی پەیوەست بە داهات و شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵی بۆ پێدانی شایستە داراییەکان، وەک ئەوەی لەو رێککەوتنەدا هاتووە، جێبەجێنەکرا و گۆڕانکاری تێداکرا.
هەرچەند پێشتریش بۆ پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت واژۆکرا و لە کارنامەی حکومەتیشدا جێگیرکرا و لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا، کا جارێکی دیکە جەخت لەسەر رێزگرتن لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
وەک یەکەم هەوڵیش بۆ تێکدانی ئەو رێککەوتنانە، لە رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی پەرلەماندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.
دوای دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023)، کە تاوەکو ئێستا لە سێ دانیشتندا، بەشێکی زۆر لە ماددەکانی پرۆژەیاساکە پەسەندبکات و ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان دەنگیان لەسەر درا.
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیش لە ماددەی 12ـی پرۆژەیاسای بودجەدا، بە رێژەی 12.67 جێگیرکراوە و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکراوە.
ماددەکانی 13 و 14 لە پرۆژەیاسای بودجە تایبەتە بە داهات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش بەهۆی رێککەوتنی یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ چەند لایەنێکی عێراقی، چەند بڕگەیەک زیادکرا کە هەوڵە بچووکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لەوانەش، مامەڵەکردنی راستەوخۆی حکومەتی عێراقی لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دابینکردنی شایستە داراییەکان.
ئەو پێشنیازەی فراکسیۆنی یەکێتیش لەلایەن فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رەتکرایەوە و بە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەسفکرا و رایانگەیاند، کە تانە لە ناوەڕۆکی ئەو بڕگانە دەدەن.