خەلیل غازی: لۆبی بۆ پەسەندکردنی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکەین

K24 – هەولێر:
پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، راگرتنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ماوەیەک بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانە لەسەر ناوەڕۆکی ماددەی 15 کە تایبەتە بە دامەزراندن و هەمووان هەوڵی زیادکردنی پشکی خۆیان و ناوچەکانیان دەدەن.
خەلیل غازی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، کە هەوڵی جێگیرکردنی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێم و گرێبەستەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پرۆژەیاسای بودجە دەدەن.
لەبارەی زیادکردنی ماددەیەک تایبەت بە گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا لۆبی دەکەن بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری پەرلەمانتاران بۆ پەسەندکردنی ئەو پێشنیازەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق.
هەروەها خەلیل غازی، دووپاتیکردەوە کە زیاتر لە 70 واژۆیان کۆکردووتەوە و ئەو پێشنیازەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق و دەنگی لەسەر بدرێت.
رۆژی شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی پێشنیازێکی نوێ لەبارەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دایە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بە رێژەی 12% بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرمانبەران.
هەمان رۆژ، شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ واژۆیان لەسەر ئەو پێشنیازە کردووە و تەنیا فراکسیۆنی نەوەی نوێ واژۆیان نەکردووە.