کوێستان محەممەد: رۆژانە هەزار و 466 منداڵ لە سنووری سلێمانی کاردەکەن

کۆنگرەی رۆژنامەوانی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کۆنگرەی رۆژنامەوانی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، بەگوێرەی رووپێوییەک رۆژانە هەزار و 466 منداڵ لە سنووری پارێزگای کاردەکەن. هاوکات پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوی منداڵپارێزانی کوردستان راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو رووپێوییەی ساڵی 2022 وەزارەتەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی روانگە لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەرین و گەرمیان کردوویانە، لەو سنوورە هەزار و 466 منداڵ تۆمارکراون کە رۆژانە کاردەکەن.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، پڕۆژەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیان هەیە. پڕۆژەکە چاودێری و پاراستنی منداڵەکانی لە ئەستۆیە و لەڕێگەی پڕۆژەکەوە "چاودێری و سەردانی منداڵان دەکرێت و لە چەوسانەوە و توندتوتیژی دەپارێزرێن".

لەو پڕۆژەیەدا وەکو ئەوەی کوێستان محەممەد باسی کرد، وەزارەتەکەیان توێژەری کۆمەڵایەتی و پشکنەری کاریان دابینکردووە، وەزارەتی ناوخۆ گواستنەوەی تیمەکان و دابینکردنی پۆلیسی نەوجەوان لە ئەستۆ گرتووە و رێکخراوی منداڵپارێزیش سەردانکردنی ماڵان و دابینکردنی توێژەری کۆمەڵایەتیی لە ئەستۆ دەگرێت.

 

Fly Erbil Advertisment