سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری تەندروستی ئوردن پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.

لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وەزیری تەندروستی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردنی بە مەسرور بارزانی گەیاندووە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاریکاری و هەمانگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانداوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، هەردوولا ئاماژەیان بە پەیوەندی مێژوویی و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردنیان دا و، سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی بەردوامیی ئوردن و بە تایبەتی شا عەبدوڵلا  لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە .

لەو دیدارەدا، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بوو لە بواری تەندروستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی شانشینی ئوردن.