ئوردن فڕۆکەیەکی پڕ لە ماددەی هۆشبەر دەخاتە خوارەوە
K24 - هەولێر
سوپای ئوردن رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پڕ لە ماددەی هۆشبەریان خستووەتە خوارەوە، کە لە سووریاوە بەرەو ناوچەیەکی سنووری باکووری ئوردن دەچوو، دەشڵێت: ئوردن رێگە نادات ناوچە سنوورییەکان ببنە بەرەیەک لە شەڕێکی ماددە هۆشبەرەکان کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆیتەرز، ئوردن میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانی بە بەرپرسیار زانی لە بە قاچاغبردنی ماددەی هۆشبەر لە سنوورەکانی خۆیەوە بۆ وڵاتانی کەنداو.
دیمەشق رایگەیاندووە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ سنووردارکردنی قاچاغچێتی و بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی باندە قاچاغچییەکان لە باشوور، هەروەها بەشداریی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی رەتکردەوە، کە پەیوەندییان هەبوبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاغ.
زیادبوونی بەرچاوی هەوڵەکانی قاچاغچێتی لە ساڵی رابردووەوە وایکردووە ئوردن رێساکانی شەڕی سوپا لە سنوورەکان هەموار بکاتەوە و دەسەڵاتی بە سوپا داوە هێز بەکاربهێنێت.
سوپای ئوردن لە راگەیەندراوەکەدا رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی ئوردن بەردەوامن لە مامەڵەکردن بە هەموو هێزی خۆی لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک لە سنوورەکان، هەروەها لەگەڵ هەر هەوڵێک کە ئامانج لێی تێکدان و ناسەقامگیری ئاسایشی نیشتمانی و تیرۆرکردنی هاووڵاتیانی بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەیان بینیوە و لەناو خاکی ئوردندا خستوویانەتە خوارەوە.
واشنتن دەڵێت: سووریا بووەتە شوێنی سەرەکی لە ناوچەکەدا بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بە بڕی چەند ملیار دۆلار.
کاربەدەستانی ئوردن دەڵێن، نیگەرانییەکانیان بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا خستووەتەڕوو، بەڵام هیچ هەوڵێکی راستەقینەیان بۆ سەرکوتکردنی ئەو بازرگانییە نایاساییە نەبینیوە.
بەرپرسان رایانگەیاند، ئوردن داوای هاوکاری سەربازی زیاتری ئەمەریکای کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی سنوورەکان، بەو پێیەی واشنتن لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریاوە، بۆ دامەزراندنی بنکە سنوورییەکان نزیکەی یەک ملیار دۆلاری دابینکردووە، چونکە ئوردن سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە کە نزیکەی 375 کم دەبێت.
حکومەتی سووریا رەتیدەکاتەوە دەستی لە پیشەسازی ماددەی هۆشبەر و قاچاغچێتی هەبێت، ئێرانیش دەڵێت ئەو تۆمەتانە بەشێکن لە پلانەکانی رۆژئاوا.