ئایدن مەعروف: بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

K24 - هەولێر

ئایدن مەعروف رایدەگەیەنێت، وەکـو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مەبەستی سەردانەکەی بۆ سۆران بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون بووە لە رەوشی پێکهاتەی کلدان، ئاشووری و سریانی.

وەکو ئەوەی وەیزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لێوە کرد، لە سنووری سۆران پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان هەیە و ئەوانیش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگیی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و بۆیان گرنگە بەدەم داواکارییەکانی پێکهاتەکانەوە بچن و سەرجەم کێشەکانیان چارەسەر بکەن.