ئومێد خۆشناو: پارساڵ لە هەولێر 135 هەزار بوتڵ خوێن لەلایەن نەخۆشانەوە وەرگیراون
K24 - هەولێر
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، ساڵی رابردوو لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەولێر 135 هەزار بوتڵ خوێن لەلایەن نەخۆشانەوە وەرگیراون، بۆیە بە پێویستی دەزانێت هاووڵاتییان بەشداریی لە هەڵمەتی خوێنبەخشیندا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، بەبۆنەی رۆژی جیهانی خوێنبەخشین لە سنووری پارێزگای هەولێر چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون، لە سەنتەری بانکی خوێنیش ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بەو بۆنەیەوە خوێنیان بەخشی.
هاوکات لە سەنتەری شاری هەولێریش هاووڵاتییان لەڕێگەی تیمە گەڕۆکەکانی بانکی خوێنەوە بەشدارییان لە هەڵمەتی خوێنبەخشیندا کرد و هەر یەکە لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێریش بەشدارییان کرد و خوێنیان بەخشی.
لەوبارەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ خوێنم بەخشیوە. خوێنبەخشین بابەتێکی زۆر مرۆییە، پەیوەندیدارە بەو کەسانەی لە چرکەساتێکی زۆر گرنگ پێویستییان پێ دەبێت".
پارێزگاری هەولێر روونیشیکردەوە، بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەستیان کەوتوون، ساڵی رابردوو 135 هەزار بوتڵ خوێن لە نەخۆشخانە جیاجاکانی شاری هەولێر لەلایەن نەخۆشانەوە وەرگیراون، "بۆیە پێویستییەکی زۆرمان بە خوێن دەبێت بەتایبەت بۆ تووشبوانی تالاسیمیا".
ئومێد خۆشناو گوتیشی، "چەندین ساڵە لەزەتەک لە خوێن بەخشین دەبینم و ساڵانە خوێن دەبەخشم. ساڵی 1998 یەکەم بوتڵی خوێنم بەخشی و ئێستا ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکرێت بۆ ئەوەی خوێن ببەخشن".
لەلایەکی دیکەوە، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە بەشداریی لە سەرجەم هەڵمەتەکانی خوێنبەخشین دەکات و دوای بەیانی ئەمڕۆ پشکنینە پزیشکییەکانی کردووە، پزیشکان رێگەیان پێداوە ئەویش خوێن ببەخشێت.
