حەوتەمین دیداری مێرگەسۆر بەڕێوەدەچێت
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ 15/6/2023، بە ئامادبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و نووسەر و رۆشنبیرانی کوردستان، حەوتەمین دیداری مێرگەسۆر لە ژێر درووشمی ( ژینگە و پێکەوەژیان لە کوردستاندا دەڤەری بارزان وەک نموونە) دەستیپێکرد.
ئەو دیدارە کە ماوەی حەوت ساڵە لە دەڤەری بارزان بەڕێوەدەچێت، لەلایەن بهڕێوهبهرایهتی رۆشنبیری و هونهری مێرگهسۆر به ههماههنگی سهنتهری رۆشنبیری و كۆمهڵایهتی مێرگهسۆر سەرپەرشتی دەکرێت، تێیدا چەند پانلێک بەڕێوەدەچن.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا وتاری لیژنەی ئامادەکاری خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەکرا، "رەنگە هەندێک کەس دەڤەری بارزان تەنیا بە شۆڕش و بەرخودان بناسن، کە بە درێژایی مێژووی سەدەی رابردوو دەڤەری بارزان مەڵبەندی شۆڕش و بەرخودان و خۆنەچەماندن بووە دژی زوڵم و ستەم. بارزان رێبازێکە پڕە لە بنەماکانی مرۆڤ دۆستی".
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر لە وتەیەکدا، وێرای بەخێرهاتنی ئامادەبووانی حەوتەمین دیداری مێرگەسۆر، ئاماژەی بەوەدا کە دەڤەری بارزان بووەتە نموونەیەکی باڵا بۆ ژینگەپارێزی، سەوزترین ناچەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، ژینگەپارێزی لەو ناوچەیە کولتوورە و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
لە پانێلێکدا لەژێر ناوی ( ژینگە و پێکەوەژیان لە کوردستان دەڤەری بارزان وەک نموونە) هەر یەک لە ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدولرەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان قسە دەکەن، پانێلەکە لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بەڕێوەدەبرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دیکۆمێنتاریەک لەسەر سرووشت و ژینگەی دەڤەری بارزان نمایش دەکرێت، هەروەرها رێزلێنان دەبەخشرێتە چەند کەسێک کە خزمەتیان بە بواری رۆشنبیری و پەروەردە و ژینگە کردووە.