پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە بۆ هونەرمەندانی کوردستان دروست دەکرێت

K24 - هەولێر

لە بەرامبەر بەخشش و داھێنان و خزمەتی چەندین ساڵەی ھونەرمەندان، کەمپینی ھونەرمەندان بۆ پرسی سەربەخۆیی، پڕۆژەیەکی نوێی ئامادەکرد بۆ بونیادنانی شارێک بۆ کۆکردنەوەی ھونەرمەندان و رێزگرتن لە تێکۆشانیان، بەتایبەت لە پرسە نیشتمانییەکان، ھاوکات خۆڕاگریان بەرامبەر بە گرفتەکان و پشتیوانیی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

دواجار پڕۆژەکە بە پشتیوانی پارێزگاری ھەولێر و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە واری جێبەجێکردن و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک بەشێوەی قەرزێکی درێژخایەن پێشکەش بە ھونەرمەندان بکرێت، ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە نێو شاری ھەولێر و ئێستاش چەند نموونەیەک دروستکراوە.

کوردستان24 بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانی ئەو پڕۆژە دەکات و پشتیوان عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیار و خاوەنی بیرۆکەی (ھونەرمەندان ستی) دەڵێت: لە دوای راگەیاندنی پرسی سەربەخۆیی و کەمپینی ھونەرمەندان، کە زۆرترین واژوو بۆ پشتیوانی ئەو پرسە کۆکرایەوە، بیرۆکەی پڕۆژەی شارێکی نموونەییمان بۆ ھونەرمەندان لەژێر ناوی (ھونەرمەندان ستی) گەڵاڵە کرد، کە زۆرترین ھونەرمەند ھاوڕابوون بۆ پێشکەشکردنی ئەو پڕۆژەیە، بۆیە بە یاداشتێک پێشکەشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا، دوای بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکە و وەرگرتنی رەزامەندی پارێزگاری ھەولێر، حکومەتی ھەرێم رەزامەندی سەرەتایی بۆ بونیادنانی ئەو پڕۆژەیەدا و بە پشتیوانی و پاڵپشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە".

سەبارەت بە پڕۆژەکە مەھدی ئومێد، وەک ناوێکی گەورەی بواری سینەما، گوتی: "وەک ھونەرمەندێک و پێشمەگەیەکی سەردەمانی شاخ، لەوە دڵنیام حکومەتی ھەرێم ھەر کار و پڕۆژەیەک خزمەت بە ھونەرمەندان بکات درێغی ناکەن، تەنانەت لە ساڵانی رابردوودا زۆرترین پڕۆژەی ھونەری پێشکەشکراوە و بودجەی گەورەی بۆ تەرخان کراوە، جگە لە ئەنجامدانی چەندین فێستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی فیلم و شانۆ و کۆنسێرتی گۆرانی، کە ناکرێت ئێمەی ھونەرمەند لەبیری بکەین، بۆیە لەم پڕۆژەیەشدا دڵنیام حکومەت ھەموو کار ئاسانییەک دەکات بۆ خزمەتی ھونەرمەندان".

ھیوا سوعاد سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێت: سەندیکاکەمان ھاوبەشی سەرەکی و مەعنەوی پڕۆژەی (ھونەرمەندان ستی)ـیە، کە بە دەستکەوتێکی مێژوویی دەزانین بۆ ھونەرمەندانی کورد، چونکە ئەوان لە ھەموو قۆناغەکاندا پاڵپشتی حکومەتی خۆمانیان کردووە، بۆیە حەقێکە ئەم پڕۆژەیە بە جوانترین شێوە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە".

هاوکات یونس کاکە حەمە، کە رۆڵێکی بەرچاوی ھەیە، سەبارەت بەم پڕۆژەیە ئاماژەی بەوەدا: کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، لە داڕشتنی پڕۆژەکانیدا زۆر وردبینانە دەڕوانێتە خەم و ئازارەکانی ھونەرمەندان، بۆیە پێموایە ئەو پڕۆژەیەش ھەموومان دڵخۆش دەکات و دەتوانین لەم پڕۆژەیەدا ژیانێکی ئاسوودە بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین".

زۆربەی هونەرمەندان دڵخۆشن بەو پرۆژەیە و ھونەرمەندی دەرھێنەر ئەرسەلان دەروێش گوتی: "پڕۆژەی ھونەرمەندان ستی، کارێکی بەھادار و گرینگە، ھیوادارم حکومەتی ھەرێم ژمارەیەک لەو یەکە نیشتەجێبوونانە بە دیاری ببەخشێتە خانەوادەی ھونەرمەندە شەھیدەکان و ھونەرمەندە کۆچکردووەکان، چونکە ژیانی خۆیان پێشکەشی ھونەرەکەیان و ئەم وڵاتە کردووە".

رووناک دڵپاک، وەک خانمە ھونەرمەندێکی بواری شانۆ و دراما و خێزانی ھونەرمەندی گەورە جیھاد دڵپاک دەڵێت: "گەر ئەو پڕۆژەیە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە دەبێتە گەورەترین پڕۆژە و دەستکەوتی حکومەت، کە تا ئێستا پڕۆژەی ھاوشێوەی ئەم پڕۆژەیە پێشکەشی حکومەت نەکراوە و رەزامەندی پێنەدراوە".

حەمە عەلی خان، گوتی: "پشتگیری ھەموو پڕۆژەیەک دەکەم، کە بزانم خزمەت بە ھونەرمەندانی کوردستان دەکات، پێموایە ھونەرمەندان ستیش ماڵێکی ئارام دەبێت بۆ ئێمەی ھونەرمەند".

ھەر لە چوارچێوەیەدا ھونەرمەند نەرمین کاوانی، راشکاوانە باسی لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە کرد و تایگەیاند: "تاکە پڕۆژەیە کە خزمەت بە ھونەرمەندانی کوردستان دەکات و یەکێک دەبێت لە جوانترین و پڕ بەھاترین پڕۆژەکان، کە شایستەی ھونەری ھونەرمەندان بێت"

تەنیا کەریم، پڕۆژەیەوە دەڵێ: "ھەر پڕۆژەیەک بتوانێت ئازاری ھونەرمەندان کەم بکاتەوە من بە 10 پەنجە مۆری دەکەم و ھەموو تواناکانم دەخەگەڕ بۆ سەرخستنی، بەتایبەت پڕۆژەیەک کە بتوانێت بەر لە مەرگ بتوانێت لە شوێنێکی شایستە کۆمانبکاتەوە".

شەھێن جەمال و کاروان ئاوات دوو ھونەرمەندی دیاری بواری درامان، ھاوکات دوو ھاوژینی بەختەوەرن، سەبارەت بە گەڵاڵەکردنی ئەو پڕۆژەیەک دەڵێن: "ھیچ شتێک لەوە جوانتر نابێت، کە حکوومەت بیری لێکردووەتەوە و بتوانێت شارێک بۆ ھونەرمەندان بنیادبنێت، کە دەتوانێت قەرزی خۆشەویستی و خزمەتی ساڵانی تەمەنی ئەو ھونەرمەندانەی پێبداتەوە، بۆیە ھەموومان پشتگیری ئەو پڕۆژەیە دەکەین و ھیوادارین کارەکانی خێڕا بکرێت بۆ ئەوەی بەزوویی ھونەرمەندان لەو ماڵەدا ھەست بە حەسانەوەی خۆیان بکەن".

فەریدون حەمە ساڵح، ئەو ھونەرمەندەی کە بە رۆڵە کۆمێدی و تراژیدییەکانی لە نێوەندی ھونەری شانۆ و درامادا دەبینرێت لەم بارەیەوە دەڵێت: "ھونەرمەندان ستی پڕۆژەیەک دەبێت بۆ رێزگرتن لە ماندووبوونی ئەو ھونەرمەندانەی نەیانتوانی جگە لە ھونەر بیر لە ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر بۆ منداڵەکانیان فەراھم بکەن، بۆیە لەم پڕۆژەیەدا ھەموو ھونەرمەندان دەتوانن بە ئاسوودەیی بیر لە ھونەری خۆیان و داھاتووی بەرھەمەکانیان بکەنەوە".

هەر لەبارەی پڕۆژەکە شیراز ھەستی، باسی لەوەکرد: "شانازییەکی گەورەیە لەسەردەمێک بژین، کە دەتوانرێت حەق بۆ ھونەرمەند بگەڕێتەوە، لە پڕۆژەیەکی وەھادا ھەمووان کۆبکەنەوە".

سۆما دڵپاک، پێی وایە "ھونەرمەندان ستی شارێکی ئارام و بەختەوەر و شایستە دەبێت بۆ ھونەرمەندان، کە بتوانن پڕۆژەی نوێ و نایابی لێ گەڵاڵە بکەن".