فاتیمە بە خامە رەنگاوڕەنگەکانی رەشبینی لە ژیان خۆیدا دەسڕێتەوە

K24 - هەولێر

فاتیمه شەمسەدین، وێڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام هێشتا لە ئەوینێکی قووڵدایە لەگەڵ هونەر و خامە رەنگاوڕەنگەکانی و دەیەوێت لە رێگەی تابلۆ ناوازەکانی چمکی رەشبینی لە ژیانی خۆی دا رەشبکاتەوە و بە هەموومان بڵێت، ژیان جوانە و با بە هونەری خۆمان رازاوەتری بکەین.

فاتیمە، لە دایکبووی ساڵی 1993یە و دانشتووی شاری کەرکووكە و پیشەی شێوەکار و كاری بەرگدوورین و ئێکسسواراتی ئافرەتانە.

 فاتمەی شێوەكار خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام ئەوە نەبووە بەربەست بۆ گەیشتن بە خەون و ئامانجەكانی و بەردەوام تێدەكۆشێت لەپێناویاندا.

فاتمە، بە کوردستان24ی گوت: "نەمتوانیووە وەك منداڵێکی ئاسایی بچمە قوتابخانە، بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت بووم و هەر ئەوەش وایکرد ساڵانێکی زۆری دووربم لە خوێندن و کاری شێوەکاری هەڵبژێرم".

گوتیشی: "کاتێك منداڵ بووم ئارەزووی زۆری خوێندنم دەكرد و منداڵانی هاوتەمەنی خۆم دەبینی دەچوون بۆ قوتابخانە، بیانووی پێنووسم لە ماڵەوە دەگرت و ئەوانیش ڕۆژانە هاوکارییان دەکردم و ئەلف و بێیان فێر دەكردم و بەوشێوەیە وێنەی ئاڵۆز و گوڵ و ئەو شتانەم ئەکێشا و تاوەكو تەمەنم بوو بە 26 ساڵ و پاشان گەڕامەوە قوتابخانە و لە خوێندنی خێرادا توانیم تاوەكو قۆناغی 6ی سەرەتایی بە سەركەوتوویی ببڕم".

ئاماژە بەوەشدەکات، كە بەشداریی چەندین چالاکیی خول و چالاکی کردووە و توانیویەتی ببێتە خاوەنی 29 بڕوانامەی نێودەوڵاتی و بەشداری لە چەندین پێشانگای هاوبەش و تایبەت بكات و وەك خۆی دەڵێت: لە ئایندەیەکی نزیكدا ئامادەکاریی  بۆ پێشانگایەكی گەورە دەكات.

.