دلاوەر ئاژگەیی: هەموو بارگرانی پەنابەرانی سووریی کەوتووەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل

K24 – هەولێر:

 لە برۆکسل حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە ئاوارەکانی سووریا بەڕێوەچوو. هاوکات نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل رایگەیاند، پەنابەرانی سووری بارگرانیەکی زۆرن بۆ سەر هەریمی کوردستان، گوتیشی: دەبێت یەکیتی ئەوروپا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، یەکەم جار نییە بەشداری دەکەین لە کۆنفرانسی تایبەت بە بارودۆی سووریا زۆر کۆبوونەوەش لە چەند ساڵی رابردوو لەسەر ئەم پرسە بەڕێوەچووە.

هەروەها راشیگەیاند، زۆر بە جدی هاتووینە سەر هێل بۆ ئەوەی بە یەکێتی ئەوروپا بڵێین هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەرانی سووری لەخۆ گرتووە و پێشوازی لێکردوون کەمپیانی بۆ کردووتەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل ، دەشڵێت: پێوسیتە هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتی ئەوروپا هاوکاری بکرێت بۆ ئەوەی ئەو بارە قورسەی کە لەسەر شانییەتی، بە تایبەتی لە کاتی شەری داعش و قەیرانی دارایی و هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان بارێکی زۆر قورسی کەتووەتە سەر شان لەسەر ئەرکی خۆی کەمپی بۆ پەنابەران کردووەتەوە و هاوکاری رۆژانەیان پێشکەشدەکات.

باسی لەوەشکرد، هەموو ئەو پەنابەرانەی کە لە عێراقن لە سنووری هەرێمی کوردستان نیشتەجێن بۆیە دەبێت ئەو هەموو هاوکارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بێت.

دلاوەر ئاژگەیی، روونیکردەوە، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا هاوکاری هەرێمی کوردستان نەکەن لەسەر پرسی پەنابەرانی سووری، ئەوە پەنابەرەکان هیوایان لەدەست دەدەن، لەوانەیە لە رێگەی کۆچی نایاسایی گەشتی ئەوروپا بکەن، ئەو کاتە بارگرانی زیاتر دەکەوێتە سەر یەکێتی ئەوروپا و ئەو پەیامەی ئێمەیان بە هەند وەرگرت.

Fly Erbil Advertisment