هەڵمەت غەریب: سوودانی دەتوانێت لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی تانە لەو ماددانە بدات کە لە یاسای بودجەدا زیادکراوە

K24 - هەولێر:
پسپۆڕیکی دەستووری رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دژی ئەو بڕگە و ماددانەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆژە یاسایی بوودجە زیادی کران، دەتوانێت لەبەردەم دادگای فیدراڵی تانە لەو ماددانە بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ــی حوزەیرانی 2023)، هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی دەستووریی، تایبەت بە کوردستان24ــی راگەیاند، دەستووری عێراق باسی یاسادانان لە بودجە ناکات لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها هەر جۆرە دەستکاریکردنێک بۆ پرۆژە یاسای بودجە کە حکومەتی عێراقی دەینیرێتە پەرلەمان پێجەوانەی دەستووری عێراقییە.
هەروەها راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران بە پێێ ئەو دەسەڵاتەی کە لە دەستووردا بۆی دیاریکراوە لە ماددەی 62، دەتوانێت لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی تانە لەو ماددانە بدات کە لە یاسای بودجەدا زیادکراوە.
لە زاری راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانەوە بڵاوبووەتەوە، کە "بێدەنگی محەممەد شیاع سوودانی لە ماوەکانی رابردوودا سەبارەت بە قەیرانی بودجە دەگۆڕدرێت بۆ دادگای فیدراڵی".
بە گوتەی پەرلەمانتاران، دەستوور مافی تانەدان بە حکومەت دەدات لەبەردەم دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو بڕگانەی کە پەرلەمان بۆ یاسای بودجە زیادی کردووە بەپێی بڕگەکانی ماددەی (13)ی دەستوور وەک بڕگەی نادەستووری.
رۆژی دووشەممە (12ــی حوزەیرانی 2023)، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دیدگای حکومەتەکەی لە پێشکەشکردنی بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵ بریتییە لە، "کەمکردنەوەی خەرجی کارپێکردن و پەرەپێدانی داهاتە نا نەوتییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت".
لەسەر هەموارکردنەوەی لیژنەی دارایی، سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە "حکومەت کار بۆ پێداچوونەوە بەو بڕگانە دەکات کە لە بودجەدا هەموار کراون، هەروەها دیراسەی رادەی گونجانیان لەگەڵ دیدگا و ئامانجەکانی حکومەت دەکات کە لە پرۆگرامی وەزاریدا پەسەند کراون".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، مەسعوود حەیدەر، جێگری وەزیری دارایی عێراق، لەسەر راگەیەندراوەکەی سوودانی لە تویتەر نوسیویەتی: "ئەمە رێکارێکی دروستە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گونجاو نەبێت لەگەڵ بەرنامەی حکومەت "واتە بڕگەکانی بودجە" کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە، پێویستی بەوەیە بڕیارێکی دەستوری و یاسایی گونجاو لەلایەن حکومەتەوە بدرێت.
پەرلەمانی عێراق، لە پێنجشەممەی رابردووەوە تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵ پەسەند کرد بۆ یەکەمجار لە مێژووی بودجەدا لە دوای ساڵی 2003.
بەهای خەرجییە پێشنیار کراوەکان لە بودجەی نوێدا 198 ترلیۆن و 910 ملیار دینارە کە دەکاتە 153 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.