حەمکۆ گۆرانییەکی راپ بڵاودەکاتەوە
K24 - هەولێر:
لە ئەزموونێکی نوێ دا، هونەرمەندی بواری کۆمێدیا (جۆرج محەممەد) ناسراو بە حەمکۆ، بڕیارە ئەمڕۆ گۆرانییەکی راپ لە یوتیوب بڵاوبکاتەوە، کە لە تێکستی عەمار تەمیمی و لە ئاوازی مەحموود ئەیادە و میکس و ماسترینگی لەلایەن نوڕ سامر کراوە.
لەم بەرهەمەدا حەمکۆ راپ دەڵێت و بە جلوبەرگی عەرەبی و سەربازییەوە دەردەکەوێت.
حەمکۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو هونەرمەندێک پێویستی بە بیرۆکەی نوێیە، بۆ ئەوەی لە قۆناغێکەوە بچێتە قۆناغێکی دیکە، ئەگەر لە شوێنی خۆت بسوڕێیتەوە هیچ پێشکەوتنێک نابینێت و ناتوانێت زیاتر خزمەت بکات.
روونیشیکردەوە، لەم بەرهەمەدا بە شێوازی راپ بەرهەمەکەی پێشکەشکردووە، چونکە ئەو گۆرانیبێژ نییە، بەڵام راپ دەرفەتی ئەوەی تێدایە بیڵێیت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەوەیە بەرهەمەکانی زیاتر بڵاوببنەوە و جگە لە کورد نەتەوەکانی دیکەش بیبینن و گوتیشی: دەمەوێت بە عەرەب بڵێم هونەرمەندێکی کۆمێدی هەیە بەناوی حەمکۆ.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەنیازە لە داهاتوودا بەرهەمی دوێت بە زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاوبکاتەوە.
ڤیدیۆکلیپی ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی ئەحمەد رەمەزانە و بڕیارە لە 15 ئەم مانگە لە چەناڵی تایبەتی حەمکۆ لە یوتیوب بڵاوبکرێتەوە.