لە سلێمانی شوێنەوارێکی مێژوویی دەدۆزرێتەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 11 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە

وێنەی شوێنەوارەکە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 11 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە
وێنەی شوێنەوارەکە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 11 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

K24 - هەولێر:

شوێنەوارێکی مێژوویی کە مێژووەکەی بۆ زیاتر 11 لە هەزار ساڵ پێش زایین دەگەرێتەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەدۆزرێتەوە. دۆزینەوەی شوێنەوارەکە بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی،  سەلمێنەری ئەو راستییەیە، "ئێمە بەشێکی گرنگی رەسەنایەتی، شارستانییەتی و قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتی پێکدەهێنین".

ئەمڕۆ شەممە 17ـی حوزەیرانی 2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمێکی زانکۆی رێدینگی بەریتانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، شوێنەوارێکی مێژووییان دۆزیوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 11 هەزار و 500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئەو شوێنەوارە مێژووییەی دۆزراوەتەوە، دەکەوێتە بەردەم ئەشکەوتی زەرزێو و قزپاپان لەسەر چەمی رەزان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی. هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش دا، نەک تەنها ئەو شوێنەی شوێنەوارەکەی لێ دۆزراوەتەوە، "بەڵکو لە هەموو کوردستانی گەورە بگەڕێی، پڕە لەم جۆرە شوێنەوارانە و شوێنی یەکەمی لانکەی مرۆڤایەتیی بووە."

دۆزینەوەی ئەم شوێنەوارە وەکو ئەوەی پارێزگاری سلێمانی باسی کرد، سەلمێنەری ئەو راستییانەیە " کوردستان شوێنێکی گرنگ و پیرۆزە و پڕە لە شارستانییەتی و ئێمە بەشێکی گرنگی رەسەنایەتی، شارستانییەتی و قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتی پێکدەهێنین".

بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، گرنگیی دۆزینەوەی ئەم شوێنەوارە لەوەدایە، "دەبێتە یەکێک لە کۆنترین ئەو ئاسەوارانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دۆزراونەتەوە. مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 11 هەزار و 500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و کۆمەڵێک ئامرازی بڕین، راوکردن و ژیانکردن دۆزراونەتەوە. ئەم چەندەش سەلمێنەری ئەوەیە، مرۆڤ لێرە ژیاوە و بەدرێژایی مێژوو ئەم ناوچەیە ژیانی لێ نەبڕاوە و ئەرکی خۆمانە بیانپارێزین".

هاوکات حوسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری سلێمانی بە کوردستان24ـی گوت، "ساڵی 1927 زانکۆی شیکاگۆ ئیشی لەسەر کردووە و چەندین پشکنینی لەسەر ئەنجامداوە. مێژووەکەی بۆ نۆ تا 12 هەزار پێش زایین دیاریکراوە. کە دەکاتە چەرخی بەردینی ناوەڕاست و نوێ".

 

 

Fly Erbil Advertisment