ستیڤ لووتس: ئەرکی ئێمە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە

K24 - هەولێر:

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، "لەگەڵ تیمێکی گەورەی بازرگانی ئەمەریکا هاتووین و جەختمان لەسەر کەرتی کشتوکاڵە و یەکێک لەفاکتەرە سەرەکییەکانی هاتنی کۆمپانیا ئەمەریکیەکان بوونی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە". گوتیشی: ئەرکی ئێمە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە.

ئەمڕۆ شەممە (17ــی حوزەیرانی 2023)،ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئانا بێرس، بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانی ئەمەریکا، لە میانەی بەشداریان لە گەشتێکی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24، سەرەتا ستیڤ لووتس، رایگەیاند، ئێمە خۆشحاڵین کە لەهەرێمی کوردستانین، ئێمە تیمێکی گەورەین، کە جەختمان لەسەر کەرتی کشتوکاڵە بەشێوەیەکی گشتی، ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، هەروەها خۆشحاڵین کە کۆمەڵێک کۆمپانیای بواری کشتوکاڵی لەگەڵ ئێمە بەشدارن، لە بواری خۆراک و بەرهەمهێنان کشتوکاڵی و کۆگاکردن و دابەشکردنی بۆ چێشتخانەکان، هەروەها تیمەکە 14 کۆمپانیا و 24 بازرگان تێدا بەشدارن.

هەروەها گوتی: ئێمە ئەو تیمە گەورە بازرگانییە هاتووین، ئەزمونێکی زۆرمان لەرابردوودا هەیە، هەروەها گرووپ و شاندی جیاوازمان هێناوە و لەسەر یەک سێکتەری دیاریکراو کارمان کردووە کە سیستمی خۆراک جەختی سەرەکی ئێمەیە.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشڵێت: ئێمە ئێستا پروپۆزەڵێکمان بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هێناوە بە هێنانی بازرگانان و کۆمپانیا بازرگانیەکانی بواری وەبەرهێنانی کەرتی کشتوکاڵی، هەروەها دەتوانین رۆڵێکی کاریگەر بگێڕین لە ژووری بازرگانی و پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکادا هەیە و ئەرکی ئێمەش بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانە ، هەروەها یەکێک لەفاکتەرە سەرەکیەکانی هاتنی کۆمپانیا ئەمەریکیەکان، بوونی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە.

گوتیشی: بە هێنانی کەسانی پسپۆڕی کشتوکاڵی دەتوانرێت ببێتە هاوکارییەکی باش بۆ کەرتی کشتوکاڵی و جووتیارانی هەرێمی کوردستان، من و ئانا کۆمپانیای تایبەتمان هێناوە، کەئێستا لە شاندەکە لەگەڵ ئێمەدان، دەتوانن ئامێرو کەلو پەلەکانیش دابینبکەن لە سەرەتای چاندن و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنیش ئەنجامبدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەمانەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە و بەرهەماکانی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک پەرەی پێ بدرێت، هەروەها بنێردرێت بۆ ئەمەریکاش، زۆر زۆر گرنگە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ئەوە بزانن، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدەین وەک ژووری بازرگانی بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا و بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی تایبەتدا پێشکەوتن و گۆڕانکاری ئەنجامبدەین، هیوادارین کاریگەریەکی گەورەشی هەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان.

ستیڤ لووتس، زیاتر گوتی: کۆمەڵێک بوار هەیە کە ئەمەریکییەکان و شارەزایانی ئەمەریکی دەتوانن کاری لەسەر بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، بتوانین هەماهەنگی و هاوبەشیمان هەبێت لە بواری کشتوکاڵ لە تۆ و چاندنی سەرەتاکانییەوە تا دەگاتە بازاڕەکان بە شێوەکی گشتی، ئێمە هیواخوازین ئەم سەردانە ئابوورییە بتوانێت پەیوەندییەکان بەهێزتر بکات و بتوانێت لێکتێگەشتنی باش دروستبکات، ئێمە دەزانین تێگەشتنێکی بەرفراوانتر هەیە لە دەرەوەی ئەم شاندەی کە هاتوونە، هێنانی ئەم کەسە پسۆڕانە دەتوانێت ببێتە هاوکارێکی باش لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و زیادکردنی شارەزایی ستافەکانی هەرێمی کوردستان جووتیاران بە شێوەکی گشتی لە بواری پەروەردە و لە بواری داهێنان لە بواری کشتوکاڵی.

باسی لەوەشکرد، ئێمە لیرە نین وەکو ژووری بازرگانی بۆ ئەوەی بە کۆمپانیاکان بڵێن کە وەرن دەرفەتی بازرگانی هەیە و کاری خۆتان بکەن، بەڵکو ئێمە هەوڵدەدەین هۆشیاری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بەرزبکەینەوە، هەروەها پەیوەندنیەک دروستبکەین لە نێوان بازرگانە ئەمەریکییەکان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە بواری کەرتی تایبەتیشدا بۆ ئەوەی وەبەرهێنان زیاتر بکەین و بازرگانی دوو لایەنە زیاتر بکەین، زۆر گرنگە بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە بزانن ژینگەی بازاڕەکە چۆنە زیاتر شارەزای ژینگەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بن، ئامانجمان ئەوەیە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەرهەمی ناوخۆ پڕبکرێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئەم هەماهەنگیە زیاتر بکرێت بۆ وڵاتانی کەنداو.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ،جەختیشی لەوەکردەوە، دەمانەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە بەرهەمی هەرێمی کوردستان بتوانین بە جۆرێک پەرەی پێبدەین و بینێرێن بۆ ئەمەریکا، هەروەها لە هەرێمی کوردستان هەنگوینێکی نایابمان هەیە زۆر گرنگە بتوانین هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی بکەین دەبێتە شتێکی زۆر نایاب و ئێمە زۆر حەزمان بە هەنگوینی کوردستانە.

ستیڤ لووتس، لە بارەی بازرگانی تەنکەلۆجیا و گازی سروشتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، گازی سروشتی سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی وزەیە دەکرێت کاری لەسەربکرێت، دەکرێت کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کار لەسەر سێکتەری وزە بکەن بە تایبەت گازی سروشتی، هەروەها بواری تەکنەلۆجیاش زۆر گرنگە پەرەی پێبدرێت ئێمە دەمانەوێت سیستمێکی بانکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو بۆ هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە لە داهاتوودا.

لەبارەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم بازرگانیکردن لەگەڵ هەرێمی کورستان، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: کۆمپانیاکانی ئەمەریکی کە دێنە هەرێمی کوردستان هیچ زانیاریەکییان لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ببێتە رێگر لەوەی کە بێن بازرگانی بکەن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە دەمانەوێت کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بهێنین و ئاشنایان بکەین بە ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەندێک کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە لە وڵاتە عەرەبییەکان کار دەکەن ئێمە دەمانەوێت ئەوانیش بێن بۆ هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ئەوانیش تێبگەن کە لە هەرێمی کوردستان ژینگەکەی چەند لەبارە بۆ وەبەرهێنان و بازرگانیکردن.

لەلایەن خۆیەوە، ئانا بێرس، بەڕێوەبەری کارووباری رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ژووری بازرگانی ئەمەریکا، رایگەیاند، ئەم شاندە هاتوونە کەسانی پسپۆڕن لە بواری کەرتی کشتوکاڵی و دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان و هەماهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەین، کە زۆر گرنگە بۆ کۆمپانیاکان کە بەشێکن لەم شاندەی ئێمە، ئێمە زۆر خۆشحاڵ و گەشبینن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە ژینگەی هەرێمی کوردستان شارەزابین و بتوانین چۆن وەبەرهێنان بکەین و ئەو پەیوەندییە بەرفراوانتر بکەین، بۆ ئەوەی هەردوولامان سوودمەند بین، ئەم شاندەی کە هاتوون دەرفەتی گەورە دەخەنە بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی گەشە بە سێکتەری کشتوكالی بدرێت.

هەروەها راشیگەیاند، ئێمە دەزانین کە کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتیە لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆیە ئێمە تیمێک و شاندێکی گەورەمان هێناوە بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتانە ئاشکرا بکەین کە هەن بۆ دروستکردنی سیسیتمی کارکردن، لە بری بازرگانیکردن تەنیا بە نەوت دەشێت کەرتی کشتوکاڵ بە جۆرێک پەرەبسێنێت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ئەوەی جیگەی خۆشحاڵی بوو بۆ ئێمە کە گەڕاینەوە ئەمەریکا باسی دەکەین بینیمان رێستورانتەکانی(Burger king) لێرە فراوان بووە، ئەو تیمەی ئێرە کاتێک بینییان ئێجگار خۆشحاڵبوون، دەرفەتە جیاوازەکان لێرە بینران، ئەوانە هەموو شتێکن کە وادەکات تێگەشتنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بگۆڕێت، هەروەها دەمانەوێت بڵێن ئەو دەرفەتانەی کە نەبووە لە رابردوودا دەبێت پەرەی پێبدرێت.

هاوکات ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا  کارێکی زۆر گرنگیان ئەنجامداوە لەسەر ناساندنی هەرێمی کوردستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، ئەمەش خاڵێکی ئێجگار گرنگە و سوپاسی بەیان سامی عەبدولڕحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەکەین.