وەزیری ناوخۆی تورکیا: پێش جەژن هاوکاری کرێی خانوو بە قوربانیانی بوومەلەرزە دەدرێت

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا

K24 - ئەنقەرە

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا سەردانی شار و بازاڕە کۆنتێنەرە کاتیەکانی شاری مەلاتیای کرد و بەشداری کۆبوونەوەی هەماهەنگی کارەساتەکانی کرد.

 لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەوڵدەدرێت بۆ باشترکردنی پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە .

گوتیشی: "پێش جەژن، هاوکاری کرێی خانوو بۆ 330 هەزار بنەماڵەی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە خەرج دەکرێت، کە بڕی 5 هەزار لیرە  بۆ  ئەو کەسانەی ماڵی خۆیان هەبووە و بە هۆی  بوومەلەرزەکەوە وێران بووە  و هەروەها بڕی 3 هەزار بۆ کرێچیەکانی رزگاربووی بوومەلەرزەکە تەرخان کراوە".

عەلی یەرلیکایا راشیگەیاند، لە تورکیا 330 هەزار ماڵ و لە مەلاتیا 45 هەزار و 700 ماڵ هاوکاری کرێ وەردەگرن. پێش جەژنێش کرێکانیان پێدەدرێت.

وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکرد کە ژمارەیەکی کەم لە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی مالاتیا هێشتا لە ناو چادردا دەژین و بەڵێنی پێداوان لە داهاتوودایکی نزیکدا کۆنتێنەریان پێدەدرێت.

 ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 20 هەزار ماڵ لەم پارێزگای مالاتیا لەناو کۆنتێنەردا نیشتەجێکراون و تا کۆتایی مانگی ئاب ژمارەی کۆنتێنەرەکان دەگاتە 37 هەزار کۆنتێنەر لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی پلەی گەرمیش، بە خێرایی کاری دانانی فێنک کەرەوە لەسەر ئەو کۆنتێنەرانە دەکەن کە لێقەوماوانی  بوومەکەزەکە تێدا دەژین.

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بە گشتی 91 هەزار و 644 خانووی کارەساتی بوومەلەرزەکە لە سەرانسەری پارێزگاکەدا پلانی دروستکردنی بۆ دانراوە، لەو ژمارەیەش 66 هەزار و 69 خانوو و باڵەخانە لە ناوەند و 25 هەزار و 595 خانووی گوندنشین لە دەوروبەری شارەکاندا، هەزار و 304 خانووش بۆ تەندەر دانراون.

یەرلیکایا ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆی سێ هەزار و 803 شوێنی کارکردنی کاتی کە پلانی بۆ دانراوە لە شاری مالاتیا، سێ هەزار و 226 شوێنی کارکردن تەواو بووە  و لە 6ی شوباتەوە بە گشتی 5 ملیار و 523 ملیۆن لیرە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ پارێزگای مەلاتیا خەرجکراوە.

Fly Erbil Advertisment