نووسینی بزماری لەسەرە و تەمەنی 2800 ساڵە؛ ئیتاڵیا پارچەیەک شوێنەوار دەگەڕێنێتەوە عێراق

K24 - هەولێر:

ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری عێراق لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەربارەی گێرانەوەی پارچە شوێنەوارێکی عێراق لە ئیتاڵیا رایگەیاند، ئەو پارچە شوێنەوارەی گەڕاندوویانەتەوە هی سەردەمی ئاشووریەکانەوە و نوسینی بزماری لەسەرە.

وەزیری رۆشنبیری عێراق راشیگەیاند، ئەمە جاری یەکەم نییە عێراق شوێنەوارەکانی دەگەڕێنێتەوە، پێشر زیاتر لە جارێک لە ئەمریکا و لوبنان و میسر و ئەمجارەش لە ئیتالیا شوێنەوارمان گەڕاندووەتەوە. ئەحمەد فەکاک گوتیشی: ئەم پارچە شوێنەوارەی لە ئیتاڵیا گەڕاندوومانەتەوە هی سەردەمی ئاشووریەکانە، بەتایبەتی پادشا شەلم نەسری سێیەم، یەکێک لە پادشا گرنگەکانی ئاشوورییەکان.

لەبارەی گرنگی پارچە شوێنەوارەکە، وەزیری رۆشنبیری عێراق ئاماژەی بەوەدا، کە پارچەیەکی رەسەنە و بەزمانی بزماری لەسەری نووسراوە و نووسراوەکەی سەری تەواوە و کەموکورتی نییە.

بە گوتەی وەزیری رۆشنبیری عێراق، ئەم پارچەیە دەگەوازرێتەوە بۆ مۆزەخانەی شارستانی عێراق لە بەغدا.