رۆژنامەی پۆلیتیکۆ: ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پلانیان هەیە خەرجییەکانی پێنتاگۆن کەمبکەنەوە
K24 - هەولێر
کۆمارییەکان لە لیژنەی تەرخانکردنی بودجەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پلانیان هەیە خەرجییەکانی پێنتاگۆن کەمبکەنەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک بە بڕی 2.5 ملیار دۆلار لە ساڵی دارایی 2024 کە لە یەکەمی ئۆکتۆبەرەوە دەستپێدەکات.
رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ"ی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، کۆپییەکی رەشنووسی راپۆرتی لیژنەکەی دەستکەوتوە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە دەڵێت: کۆمارییەکان لە لیژنەی تەرخانکردنی بودجەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پلانیان هەیە خەرجییەکانی پێنتاگۆن کەمبکەنەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک بە بڕی 2.5 ملیار دۆلار لە ساڵی دارایی 2024 کە لە یەکەمی ئۆکتۆبەرەوە دەستپێدەکات.
بەڵگەنامەکە پێشنیاری ئاڕاستەکردنەوەی پارەکان دەکات بۆ راهێنان و چاککردنەوەی سەربازی، هەروەها بۆ هەوڵەکانی پنتاگۆن بۆ وەرگرتنی تەکنەلۆژیا و چەکی نوێ.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "نیگەرانی سەرەکی ئەوەیە کە وەزارەتی بەرگری ناتوانێت خەمڵاندنێکی واقیعی خەرجیەکان پێشکەش بکات و پەنا بۆ گرێبەستی چەند ساڵە دەبات بەبێ ئەوەی تێگەیشتنێکی روون لە تێچووی بەرهەم و توانای بەرهەمهێنانی هەر بەرنامەیەکدا هەبێت".
پۆلیتیکۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستێکی لەو شێوەیە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم ئامانجە گەورەکەی پێنتاگۆن، کە بریتییە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک بۆ پڕچەککردنی ئۆکرانیا، هاوکات ئامادەکاری کردن بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵ چین.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە بەهای ملیارەها دۆلار چەک دراوەتە ئۆکرانیا"، پلاندانەرانی سەربازی ناچارکردووە بیر لە کڕینی تەقەمەنی بکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ململانێیەکی نوێ ئامادە بکەن".
پێنتاگۆن بۆ یەکەمجار لە مێژوودا داوای لە کۆنگرێس کرد کە گرێبەستی چەند ساڵە بۆ کڕینی تەقەمەنی دابین بکات بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنانی تەواو بکات.
پۆلیتیکۆ رشیگەیاند، کە پێدەچێت مەبەستی لیژنەی تەرخانکردنی پارە لە ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ هەڵوێستی لیژنەکانی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی کۆنگرێسدا ناکۆک بێت، بەو پێیەی زۆرێک لە یاسادانەران زیاتر توند بن بەرامبەر بە چین و پێیان وایە ئەمەریکا پێویستی بە بەرهەمهێنانی چەکی پێویست هەیە بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ ململانێی ئەگەری.