بە گرافیک .. قه‌رزه‌كان له‌ بودجه‌ی عێراق

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد، رۆژی 16ـی ئەم مانگەش رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمارکرا.

لەلایەن خۆیەوە، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی  یاسای بودجەی پەسەندکراویان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بەدەست گەیشت، لێکۆڵینەوەی لێدەکەن و دوای ئەوەی سەرۆکایەتی کۆمار پەسەندی کرد، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان له‌ باره‌ی یاساكه‌ دەردەبڕن.

ئەوەی تایبەتە بە قه‌رزه‌كان له‌ بودجه‌ی عێراق، لە چەند بڕگەیەکدا هاتووە، کە یەکێک لەوانە قه‌رزی ئاژانسی جایكا، کە بریتییە لە1.299  ملیار دۆلار، کە بڕی 120 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و 140 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی کارەبا و 905 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی نەوت و 46 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان تەرخانکراوە.

هەروەها لە قه‌رزی بانكی نێوده‌وڵه‌تی کە بڕی418  ملیۆن دۆلارە، 100 ملیۆن دۆلار بۆ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، 100 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌با و  41 ملیۆن دۆلار بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و دوو ملیۆن دۆلار بۆ وه‌زاره‌تی پلاندانانی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان و پێنج ملیۆن دۆلاریش بۆ پارێزگای نەینەوا تەرخانکراوە.

لە قه‌رزی بانكه‌ بیانییه‌كانیش لە بودجەدا ئاماژە بە قەرزی 435 ملیۆن دۆلار کراوە، کە بڕی 300 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری و 100 ملیۆن دۆلاریش بۆ وەزارەتی ناوخۆ و 35 ملیۆن دۆلاریش بۆ حەشدی شەعەبی دانراوە.