عێراق رێگەی تازە بۆ هەناردەی نەوت تاقیدەکاتەوە
عێراق لە هەوڵێکدا بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە رووبەڕووی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بوونەتەوە، گرێبەستێکی دەگمەنی فرۆشتنی نەوتی خاوی رایگەیاند.
چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی پێگەی ئینێرجی پلاتفۆرم بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسرەی بۆ بارکردن لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو خستووەتەڕوو. ئەمەش لە رێگەی میکانیزمێکی گواستنەوەی دەریاییەوە دەبێت کە پێشتر لە پێشنیارەکانی ئەو کۆمپانیایەدا باو نەبووە.
ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە بەغدا مامەڵە لەگەڵ گوشاری زیادبووی سەر هەناردەی نەوت دەکات، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی و ئەو مەترسییانەوە دروست بووە کە پەیوەستن بە تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز. ئەو دۆخە وای لە سۆمۆ کردووە لە ماوەی رابردوودا داشکاندنی گەورە بۆ شحناتەکانی نەوتی خاوی بەسرە پێشکەش بکات تا کڕیاران رابکێشێت.
گرێبەستەکە میکانیزمێکی جیاوازی بارکردن لەخۆدەگرێت، چونکە کڕیاران دەتوانن نەوتەکە لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لە نزیک کەناراوەکانی عومان بگوازنەوە. ئەمەش رێگەیان پێدەدات شحناتەکان لە دەرەوەی گەرووی هورمز وەربگرن. ئەم پێشنیارە بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیای کردووەتە ئامانج و بڕیارە نرخی نەوتەکە بەپێی نرخە پێوەرییەکانی بازاڕەکانی مەبەست دیاری بکرێت.
سۆمۆ بۆ ساغکردنەوەی شحناتەکانی لە کانوونی یەکەمی 2026 تەنیا پشت بەم گرێبەستە نەبەستووە، بەڵکو بەم دواییانە پێشنیاری دیکەی بۆ نەوتی خاوی بەسرە لە بەندەرەکانی باشوور خستووەتەڕوو کە تێیدا داشکاندنی گەورەی بۆ نرخەکان کردووە. پێشنیارەکان بریتی بوون لە نەوتی خاوی بەسرەی مامناوەند بە داشکاندنی 29.20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و نەوتی خاوی بەسرەی قورس بە داشکاندنی 33 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەگەڵ ئەوەی بڕی داواکراو بۆ کڕیاران جێهێڵراوە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی ئینێرجی پلاتفۆرم جەختیکردەوە،، فرۆشتنی نەوت هێشتا لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە بەردەستە، لەگەڵ پێشکەشکردنی داشکاندن بۆ دابینکردنی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی کە لە ئەستۆی کۆمپانیا کڕیارەکانە.
هاوکات عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ روونیکردەوە،، عێراق نەوتی خاو بەو لایەنانە دەفرۆشێت کە توانای بارکردن و گواستنەوەی شحناتەکانیان بۆ دەرەوەی گەرووی هورمز هەیە. ئەمەش گرنگیی توانای کڕیار لە دابینکردنی گواستنەوەی دەریایی لە چوارچێوەی مەرجەکانی ئێستای فرۆشتندا دەردەخات.
هەناردەی نەوتی خاوی دەریایی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2026ـەوە بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاست لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە کۆتایی شوباتی هەمان ساڵدا. بەپێی داتاکانی یەکەی لێکۆڵینەوەکانی وزە، هەناردەی دەریایی لە تشرینی یەکەمدا بۆ 2.96 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەوە، بەراورد بە 2.58 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە مانگی ئەیلوولی پێشتر.
بەم شێوەیە هەناردەی نەوتی عێراق لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی 380 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە، کە دەکاتە رێژەی گەشەکردنی نزیکەی 15%ـوە. لەسەر بنەمای ساڵانە، هەناردەی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە نزیکەی 14%ـوە کەمترە لە هەناردەی هەمان مانگی ساڵی 2025 کە لەو کاتەدا گەیشتبووە 3.43 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
کۆمپانیای سۆمۆ پێشتر کەمکردنەوەی نرخی فەرمیی فرۆشتنی نەوتی خاوی بەسرەی بۆ بازاڕەکانی ئاسیا لە کانوونی یەکەمدا رایگەیاندبوو،. کۆمپانیاکە بڕیاریدا نرخی فەرمیی فرۆشتنی نەوتی خاوی بەسرەی مامناوەند 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەراورد بە نرخی مانگی پێشوو کەم بکاتەوە. بەپێی نرخە نوێیەکە، داشکاندنی فەرمی بۆ نەوتی مامناوەند گەیشتە 8.80 دۆلار و بۆ نەوتی قورسیش بۆ 11.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە تێکڕای نرخی عومان و دوبەی دیاری کرا.