وەزارەتی کارەبا: پێوەرى زیرەک بۆ 92%ـی هاوبەشان بەستراوە
"کاریگەریی لەسەر کۆنترۆڵکردنی کارەبا هەبووە"
K24 - هەولێر
وەرچەرخانی دیجیتاڵی، ئامانجێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پڕۆژەى پێوەرى زیرەک، بۆ کۆنتڕۆکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنى کارەبا، یەكێكە لەو ئامانجانە و ئێستا %92ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەفیڕۆچوونی كارەبا، زیانی بۆ دەرامەتی هاووڵاتییان و بڕی بەرهەمهێنان و كاتەكانی پێدانی كارەبا لە هەرێمی کوردستان هەیە.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "بەهۆی بەكارهێنانی سیستەمی پێوەری زیرەكەوە، نزیكەی %40ـی بڕی بەفیڕۆچوونی كارەبا کەم بووەتەوە، هەروەها هەر بەهۆی پێوەری زیرەکەوە، سوتانى گۆڕەڕەكانى دابەشكردنى كارەبا زۆر کەمی کردووە".
ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات کە "تا ئێستا ملیۆنێك و 300 هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، واتا %92ـی تەواو بووە و بە سەنتەرەوە بەستراونەتەوە".
بەهۆی ئەوەی بەشى فرۆشتنى کارەبا بووەتە سیستەمى پەنجەرە، کاروبارى هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان باشتر بەڕێوە دەچێت و بە هۆی پرۆگرامەکانی پێوەری زیرەکەوە، داتا و زانیارییەکانی هاوبەشان پارێزراوتر دەبن.