بازرگانێک لە عەلوەی سلێمانی بە قەرزی زیاتر لە ملیارێک دینار بەرهەمی کڕیوە و دیار نەماوە
K24 - هەولێر:
بارزگانێک بایی زیاتر لە ملیارێک دینار بەرهەمی سەوزە و میوەی لە عەلوەی سلێمانییەوە رەوانەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کردووە و دواتر پێش ئەوەی پارەی کاڵاکانی بدات، دیار نامێنێت.
یەکێک لەو کاسبکارانەی لە عەلوەی سلێمانی کار دەکات بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم بازرگانە لەسەر متمانە کاڵاکانی بە قەرز پێدراوە و هیچ گرێبەستێكی لەگەڵ نەکراوە.
گوتیشی: هیوادارم پێدانی قەرز لەسەر متمانە لە عەلوەی سلێمانی نەهێڵدرێت و رێگە چارەیەک بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕە پارەیەی کە لایەتی تەنیا هی یەک کەس نییە، بەڵکو هی نزیکەی 100 کەسە.
بە گوتەی ئەو کاسبکارە، ئەو کەسەی قەرزە ملیار دینارەکەی لەلایە، پەیوەندی بە کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی کردووە و پێی راگەیاندوون، دوای جەژنی قوربان پارەکەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە.