شارەزایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات جیاکاری رەگەزی لە ئەفغانستان بە تاوانێکی نێودەوڵەتی هەژمار بکرێت
K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە پسپۆری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان داوای لە وڵاتان کرد کە "جیاکاری رەگەزی" بکەنە تاوانێکی نێودەوڵەتی، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ لێپرسینەوە لە تاڵیبان لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە جددییانەی کە دەرهەق بە ئافرەتانی ئەفغانستان ئەنجامی دەدات.
لە مانگی ئابی ساڵی 2021 حکومەتی تاڵیبان کە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە پشتیوانی دەکرا، جێبەجێکردنی یاسای توندی شەریعەتی سەپاندووە، لەسەر کچان لە قوتابخانە ناوەندییەکان و ئافرەتان لە کارە حکومییەکان، هەروەها گەشتکردنیان بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو و ناچارکردنیان بۆ لەبەرکردنی نیقاب لە دەرەوەی ماڵ.
ریچارد بێنت لە لێدوانێکیدا بۆ ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "زۆر گرنگە چاومان دانەخەین" بەرامبەر بەو شتانەی کە روودەدەن.
نێردەری نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسی دۆخی ئەفغانستانە لەکاتی پێشکەشکردنی نوێترین راپۆرتی خۆی راگەیاندووە کە رەنگە رەفتاری تاڵیبان ببێتە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی کە گوزارشت لە "چهوسانهوه لهسهر بنهمای رهگهزی" دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە "پێشێلکارییە قورسانەی مافەکانی مرۆڤ، کە هەرچەندە تاوانێکی نێودەوڵەتییە، بەڵام پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە"، هەروەها ئەرکی وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە "رێوشوێنی کاریگەر بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم کارانە".