بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن
K24 – بەغدا:
بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان کردووە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت تاوەکو سەدرییەکان رازی بکەن بەشداری بکەن لەهەڵبژاردنی پارێزگاكان، بەڵام دەوڵەتی یاسا و عەسائیبی ئەهل حەق سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لەدوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو لایەنەکان جگەلە عەسائیبی ئەهل حەق و دەوڵەتی یاسا داوایان کردووە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام نەدرێت ودوابخرێت بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیەتی نەسڕ بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گوتوویانە با هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت، چونکە لایەنە عێراقییەکان کاتیان پێوستە بۆ ئەوەی رەوتی سەدر رازی بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.
گوتەبێژی هاوپەیمانیەتی نەسڕ گوتیشی، "ناکۆکی لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە لەسەر هەڵبژاردن ئێمە دەمانەوێت هەڵبژاردن دوا بکەوێت بۆ نیسانی 2024، بۆ ئەوەی سەدرییەکانیش بەشدار بن و لەهەمان کاتدا کوردستانیش کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت.
کوتلەی دەوڵەتی یاسا کە گەورەترین کوتلەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە و خاوەن 53 کورسی پەرلەمانییە، دەڵێن رای کۆتایی لە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لای ئەوانە و چاوەرێی هیچ لایەنێک ناکەن بە رەوتی سەدریشەوە، بەشدار بێت یاخود نا.
حەیدەر لامی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بۆ کوردستان24 گوتی، "ئێمە وەک دەوڵەتی یاسا سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خوی‌دا بێ دواخستن و هەر لایەنێک کە پاشەکشەی کردووە لە کاری سیاسی بەخواستی خۆی بووە، پرۆسەی سیاسی لەسەر هیچ لایەنێک یان کەسێک ناوەستێت و هەرکەسێک دەیەوێت بەشدار بێت لە هەڵبژاردن ئێمە کێشەمان نییە و بە مافی رەوا دەزانین".
هاوکات یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند کە تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمیی داوا لە کۆمیسیۆن نەکراوە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخرێت.
هەرچەندە هاوپەیمانیەتی ئیدارەی دەوڵەت پێشتر کۆتایی ئەمساڵیان دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام لەکۆتاییدا دوا بڕیار بۆ زۆرینەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت کە لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگی پێ بدرێت و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخرێت تاوەکو ناو ماڵی خۆیان کۆ دەکەنەوە.
ئەمڕۆ (19ــی حوزەیرانی 2023)، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكردووه، به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ناوی هاوپه‌یمانێتی نوێ و هێزه سیاسییه‌كان بۆ به‌شدارییان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له عێراق، له 1ی ته‌ممووز تاوه‌كو 30ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ ده‌رگای خۆتۆماركردن ده‌كرێته‌وه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنكانی عێراق داوای له هاووڵاتیان كردبوو سه‌ردانی بنكه‌كانی كۆمیسیۆن له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات بكه‌ن بۆ نوێكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كانی ده‌نگدانیان.
رێککەوتی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.
هەروەها پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک و نەینەوا.
سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.
سەرەتای مانگی رابردووش، جومانه غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ده‌ستیان به ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی سیستمی تایبه‌ت به نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ تۆماركردنی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان و كاندیده‌كانیان كردووه.
سەبارەت بە واده‌ی هەڵبژاردنیش گوتی: بەپێی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە، دوا واده بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه نابێت له 20ی کانوونی یەکەمی ئه‌مساڵ تێپه‌ڕێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش کۆمیسیۆن رێوشوێنی پێشوەختەی گرتووه‌ته‌به‌ر.
هەروەها كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی ته‌كنیكیی بۆ دابینكردنی ئامێری تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن و ئیداره‌دانی پرۆسه‌كه پێكهێناوه و دا‌واشیان له وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران كردووه، ناوی ئاواره‌كان و زانیاری كه‌سییان له سه‌رجه‌م پارێزگاكان بۆیان ره‌وانه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانیان نه‌فه‌وتێت.
لەماوەی رابردوودا لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دژ بە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە ئەنجامدرا و خۆپیشانده‌ران داوایان کرد سیستمی سانت لیگۆ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ یاسای ساڵی 2019 و جه‌ختیان له‌وه کردەوە جێبه‌جێكردنی سیستمی سانت لیگۆ ده‌بێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌م و دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناكۆكی و پشێوییه‌كان له‌وڵاتدا، ئەویش بەهۆی مانەوەی هێزە گەورەکان و رێگریکردن لە هاتنە پێشەوەی هێزی نوێ.