توێژەرێک: دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی کاریگەری لەسەر خولانەوەی زەوی هەیە

K24 - هەولێر
رۆژنامەی ئیندیپێندێتی بەریتانی بڵاویکردەوە، زانایان ئاشکرایان کردووە کە رەنگە مرۆڤ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە خولانەوەی زەویدا دروست کردبێت، تەنها لەنێوان ساڵانی 1993 بۆ 2020، بەهۆی دەرهێنانی بڕێکی زۆر ئاو لەژێر زەوی و گواستنەوەی بۆ شوێنەکانی دیکە.
دەرهێنانی ئاو بە ڕێژەیەکی بەردەوام و مەترسیدار بووەتە هۆی ئەوەی کە زەوی نزیکەی 80 سانتیمەتر بەرەو رۆژهەڵات لاربێتەوە.
توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستبوو کە شوێنی لایەکی زەوی یان جەمسەری خولانەوەی زەوی بە توێکڵەکە دەگۆڕێت، هەروەها لەگەڵ جوڵەی ئاوەکەدا هەسارەکە کەمێک جیاواز دەخولێتەوە.
زانایان بە پشتبەستن بە نموونەی کەشوهەوا، مەزەندە دەکەن کە مرۆڤەکان 2150 گیگا تۆن ئاویان لە ناو زەوی دەرهێناوە، کە یەکسانە بە زیاتر لە 6 ملیمەتر بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا لەنێوان ساڵانی 1993 و 2010.
توانای ئاو بۆ کاریگەری لەسەر خولانەوەی زەوی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016 دۆزرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری وردی ئاوی ژێر زەوی لەم گۆڕانکارییە خولانەوەیانەدا روون نییە.
توێژینەوە نوێیەکە نموونەی گۆڕانکارییە چاودێرکراوەکانی لە وەرچەرخانی جەمسەری خولانەوەی هەسارەکە و جوڵەی ئاودا کردووە، سەرەتا توێژینەوەکە تەنها کاریگەرییەکانی سەهۆڵبەندانەکانی هەڵسەنگاندووە، پاشان سەیری سیناریۆ جیاوازیەکانیان کردووە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
لەمبارەیەوە، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە، کی وۆن سیۆ، زانای جیۆفیزیک لە زانکۆی نیشتمانی سیئۆل لە کۆریای باشوور، دەڵێت: جەمسەری خولانەوەی زەوی زۆرجار گۆڕانکاری بەسەردا دێت، توێژینەوەکەمان ئاشکرای دەکات کە لە نێوان هۆکارەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا، دابەشکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی لە راستیدا گەورەترین کاریگەری لەسەر وەرگەڕانی جەمسەرەکانی خولانەوەی هەیە.
نووسەرانی توێژینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە کە نموونەکە بە رێژەی 78.5 سم (31 ئینج)، یان 4.3 سم (1.7 ئینج) لە ڕێڕەوی خۆی لایداوە لە ساڵێکدا، کاتێک سەیری رێژەی 2150 گیگا تۆن دووبارە دابەشکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی دەکەن.
سیۆ گوتیشی، "زۆر خۆشحاڵم کە هۆکاری لاربوونەوەکەم دۆزیەوە. لە لایەکی ترەوە وەک خەڵکی هەسارەکە نیگەرانم کە دەزانم دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەیەکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا.