جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان لە "ئۆردوگایەکی سنووری سلێمانی گەمارۆ دراوە"
K24 - هەولێر:
سکرتاریەتی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەکە لە ماڵەکەی خۆی "لە ئۆردوگایەکی سنووری سلێمانی گەمارۆ دراوە".
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوەکەیاندا باس لەوە دەکەن، کە شەوی رابردوو عومەری ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە "لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە".
سکرتاریەتی ناوەندی کۆمەڵە راشیگەیاند، هەڵسوکەوتی لەم شێوەیە دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی حیزبی و ئەخلاقی و بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەشڵێن: بکەرانی ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە دەبێ وڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بن.
لەلایەکی دیکەوە، لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە راگەیاندنی دەستپێکی فەرمیی پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیاند: بەهۆی بەڕێوەنەچوونی رێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام نەگەیشت.
لەو راگەیاندراوەدا کە بە ناوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، رێبەرایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دوور لە ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان و ویست و لادان لە بەرژوەندییە گشتییەکانی نەتەوەی کورد، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی تووشی هەڵدێر و شکست کرد، هەربۆیە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ژیانی سیاسیی خۆی درێژە پێدەدات.