کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان: پرۆسەی یەکگرتنەوە بە ئەنجام نەگەیشت

K24 – هەولێر

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ناکۆکیی سیاسی پرۆسەی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ئەنجام نەگەیشتووە.

هەردوو باڵەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە حەوت مانگ لەمەوبەر یەکیان گرتبووەوە جارێکی دیکە تووشی لێکدابڕان بوون.

ژمارەیەک ئەندامی رێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوەو دەڵێن، چەند مانگ دوای بە فەرمیی دەستپێکردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە و ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی هاوبەشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە هۆی ناکۆکیی سیاسی و جێبەجێنەکرانی رێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوەکە، پڕۆسەکە بەبنبەست گەیشتووە.

ئەو راگەیەندراوە کە بە ناوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە "رێبەرایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دوور لە ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان و ویست و لادان لە بەرژوەندییە گشتییەکانی نەتەوەی کورد، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی تووشی هەڵدێر و شکست کرد، هەربۆیە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ژیانی سیاسیی خۆی درێژە پێدەدات".

ئاماژە بەوەشکراوە "لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە راگەیەندنی دەسپێکی فەرمیی پرۆسەی یەکگرتنەوە بۆ یەکخستنی ریزەکانی هەر دوولا و ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی هاوبەشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دەبێ رابگەیەنین کە بە هۆی بەڕێوەنەچوونی ڕێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام نەگەیشت".

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ 21ی حوزەیرانی 2023، سکرتاریەتی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، "شەوی رابردوو عومەری ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە "لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە".

سکرتاریەتی ناوەندی کۆمەڵە راشیگەیاند، "هەڵسوکەوتی لەم شێوەیە دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی حیزبی و ئەخلاقی و بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە. بکەرانی ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە دەبێ وڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بن".

Fly Erbil Advertisment