سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و پلاسخارت جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەنەوە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختی لەوە کردەوە کە نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوابخرێت و بکرێتە قوربانی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوابخرێت و بکرێتە قوربانی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.