شاندێکی ئەمەریکی بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 – هەولێر:

جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، پشتیوانیی وڵاتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتدەکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی دانا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆبوونەوەکەدا کە جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوو، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری، سڵاو و رێزی وەزیری بەرگری ئەمەریکای بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاند و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لە بارەی پەرەسەندنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاو و رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا.

لەمبارەیەوە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر، بە تایبەتی داعش بۆ دڵنیابوون لە دووبارە بەهێزنەبوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییەکانی ئەمەریکا دەربڕی و خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەن لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتکردەوە.

بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

0
0
0
0
0
0