شاخەوان عەبدوڵڵا: دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ماددەی 140 دەستپێدەکات

K24 – هەولێر:

جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، "لە هەر هەڕەشەیەک کە لە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەسەر هێل دەبین و ناترسین". هاوکات گوتیشی: "لە دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ماددەی 140 دەستپێدەکات و کاری لە پێشینەی ئێمەش هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورەیە''.

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ــی حوزەیرانی 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانەی سەردانی بۆ خێمه‌ی جووتیارانی ناوچه‌ی په‌ڵكانه‌ و سه‌رگه‌ڕان، رایگەیاند، قبوڵناکەین چی دیکە سوپا لە دژی خەڵکی ئێمە وەک وەرەقەیەکی سیاسی بەکەربهێنرێت، چونکە پێچەوانەی یاسایە، سوپا دەبێت هێزێک بێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، نابێت لایەنگری هیچ لاینێکی سیاسی بکات.

هەروەها راشیگەیاند، "هەر هەڕەشەیەک کە لێتان دەکرێت لەسەر هێل دەبین و ماندووشنابین، هەروەها بەردەوام لەسەر هێل دەبین تا مافەکانتان بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆتان".

جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "لە دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ماددەی 140 دەستپێدەکات و کاری لە پیشینەی ئێمە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورەیە".

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو 20ـی حوزەیرانی 2023، هێزێکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر گوندی پەلکانەی سەر ناحیەی سەرگەڕان، کە دەکەوێتە سنووری ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و ئاغای گوندەکەیان بە ناوی "دەشتی ئاغا" دەستگیرکرد. هاوکات مەڕەشە و کەرەستەی ئاودێری جووتیارانی گوندەکەیان شکاند.

گوندی پەلکانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە بەدەست پاشماوەی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکانەوە دەناڵێنێت. خەڵکی گوندەکە داوا دەکەن سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەوڵبدەن ئەو تەعریبە رابگرن کە لە سەر ناوچەکە و ماڵ و زەویەکانیان ھەیە.