کوردستان24 زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکاتەوە
K24 – هەولێر:
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر سبەی وەزارەتی دارایی عێراق پارە بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان، ئەوا پێش جەژنی قوربان، مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان دابەشدەکرێت.
رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر سبەی پێنجشەممە بەغدا بڕێک پارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، ئەوا لە زووترین کاتدا خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان رادەگەیەندرێت و پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشدەکرێت.
رۆژی یەکشەممە (18ی حوزەیرانی 2023)، دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی تا رۆژی پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023) ئەم وەزارەت و دامودەزگایانە مووچە وەردەگرن، وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی، ناوخۆ، بەڕێوبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوبەرایەتی گشتی رەگەزنامە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
هەروەها رۆژی (19ـی حوزەیرانی 2023)، جووتیار عادل، بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا گرفتەکان چارەسەر بکەن، تا بتوانرێت پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشبکرێت".
رۆژی (15ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار لە رێگای بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.