درۆنێک لە گوندی شەروێتی قەزای پشدەر کەوتە خوارەوە
K24 – پشدەر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/6/2023، درۆنێک لە گوندی شەروێتی قەزای پشدەر کەوتە خوارەوە.
شایەتحاڵێک بە کوردستان24ی گوت: "بەر لە کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دەنگێکی بەرز هات و لە ئاسمان تەقییەوە، خۆشبەختانە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە".
گوتیشی: "ئێمە پێنج کەس لە نزیکی ئەو شوێنە سەرقاڵی کارکردن بووین بۆ دروستکردنی خانوونێک".
هاووڵاتییەکی دیکەی گوندی شەروێتی ئاماژەی بەوەکرد، یەکەمجارە درۆن لە گوندەکەیان بکەوێتە خوارەوە، بەڵام گوند و ناوچەکانی دیکەی ناوچەکە پێشتر درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەرچەندە تائێستا نەزانراوە ئەو درۆنەی کەوتووەتە خوارەوە هی کام لایەن و وڵاتە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک تورکیا گەریلاکانی پەکەکەی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە رێگەی درۆنەوە کردونەتە ئامانج.
پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان هاتوونەتە ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە و پارچەکانیان کۆکردووەتەوە و بردویانە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینە لەو بارەوە بکەن.