چل مۆم بۆ کۆچی هونەرمەند گارا رەسوڵ داگیرسێندرا

K24 - هەولێر:

لە رێورەسمی چلەی ماتەمینی هونەرمەندی شێوەکار "گارا رەسوڵ"، ناو و هونەر و یادگارییەکانی بەرز راگیرا.

لە رێوڕەسمێکدا، کە لە لایەن سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیری و هونەری بەڕێوەچوو، چل مۆم بۆ کۆچی ئەو هونەرمەندە داگیرسێندرا، کە لە سەرەتای هەشتاکانەوە بە تابلۆ زانستی و هونەرییەکانی خۆی خزاندە نێو هونەری ڕەنگ و هێلکاریی دا و بووەتە گەنجینەیەکی دەوڵەمەند لە بوارەکە و لە ماوەی نیوسەدەی خزمەتی هونەری شێوەکارییدا سەدان پێشانگای شێوەکاری لە ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا کردووەتەوە و بووەتە جێی سەرنجی هونەرمەندانی جیهان.

وشیار قەرەداغی هاوڕێی هونەرمەند بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوای راپەڕین بۆشاییەک لە هونەری شێوەکاری دروست ببوو، گارا رەسوڵ بە هونەرە باڵاکەی شۆڕشێکی نوێی لە هونەر بەرپا کرد و ببووە کەنزێک لە نێو هونەردا، پاشان هەوڵیدا وڵاتانی دنیا بێنێته سەرهێل بۆ ناساندنی هونەری شێوەکاری و ئاشنا کردنی تابلۆ هونەرییەکانی کورد.

گوتیشی: زۆربەی تابلۆکانی ئەو هونەرمەندە گوزارشت بوون لە ئازاری خۆی وەک هونەرمەندێک و گەشەسەندن و ئاوەدانی کوردستان لە قۆناغە جیاکاندا، هاوکات د. ڕامیار جەوهەر بەرپرسی سەنتەری ئاڵا بۆ کوردستان24 گوتی: جیا لەوەی گارا بە هونەرەکەی ناسرابوو، نووسەرێکی بەرچاو بوو لە خستنەڕووی ئازار و ماندووبوونی هونەرمەندان، جگە لە نووسینیش دوو کتێبی بە نرخی پێشکەش بە ناوەندە زانستیەکانی ئەڵمانیا کرد، کە بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی چاپی کردبوون و ئێستاش لە فێرگە هونەرییەکاندا بووەتە وانەیەکی سەرەکی بۆ پێگەیاندنی بەهرەمەندانی بواری شێوەکاری.

لە کۆتاییشدا فیلمێکی دیکۆمێنتاریی لەسەر یارگار و تابلۆکانی ئەو هونەرمەندە لە نێوان ساڵانی 1955 تا 2023 و بەشێک لە پۆرترێتە هونەرییەکانیشی نمایش کران.