سەرۆکی رووسیا: گرووپی ڤاگنەر خیانەتی کردووە و لە دڵی ئێمەیان داوە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا | وێنە: AFP
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، ئەوەی گرووپی ڤاگنەر دژ بە سەربازانی وڵاتەکەی کردوویەتی "خیانەتکردنە لە گەلی رووسیا" و لە دڵیان دراوە. دووپاتیشی دەکاتەوە، سزای هەموو ئەو کەسانە دەدەن، کە بەشدارییان لەو "خیانەتە نیشتمانییەدا" کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی "کرملن" پێشکەشی کرد، وەڵامی هەڕەشەکانی یێڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر دایەوە و رایگەیاند، "پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەمان و نەتەوەکەمان دەکەین، پارێزگاری لەوە دەکەین کە ئێمە رووسیاین. ئەم دۆخەی ئێمە ئێستا پێیدا تێدەپەڕین، پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنەیە. پێویستە واز لەو خاڵانە بهێنین، کە وڵاتەکەمان لاواز دەکەن".

وەکو ئەوەی سەرۆکی رووسیا ئاماژەی پێ دەدات، ئەوەی گرووپی ڤاگنەر کردوویەتی "هەڵگەڕانەوە بوو لە دژی ئەو سەربازانەی لە بەرەی جەنگدا شانبەشانی یەکدی شەڕیان دەکرد، ئەو کارەی گرووپی ڤاگنەر کردوویەتی ئازار بەخشە و زیان بە رووسیا دەگەیەنێت."

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، گرووپی ڤاگنەر بە پاڵپشتیی ژمارەیەک وڵات دەیەوێت وڵاتەکەی لاواز بکات. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن و دژی هەموو هەڕەشەکان دەوەستنەوە، لەنێوانیاندا "خیانەتی نێودەوڵەتی".

پوتن دەڵێت، گرووپی ڤاگنەر، "خیانەتی ناوخۆیی کردووە و خیانەتەکە تەنها لەبەرژەوەندی چەند کەسێکە". دووپاتیشیدەکاتەوە، گرووپی ڤاگنەر دەیەوێت ئەو "سەرکەوتنە گەورەیەی لە ئۆکرانیا بەدەستهێندراوە، لەناو ببات".

فەرماندە سەربازییەکانی گرووپی ڤاگنەر وەکو ئەوەی پوتن ئاماژەی پێ دەدات، ژمارەیەک ناوچەیان رادەستی هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە و رەتیدەکەنەوە گوێ لە فەرمانەکانی فەرماندە سربازییەکانی رووسیا بگرن. دەشڵێت، "ئەمە لێدانە لە گەلی رووسیا، لێدانە لە دڵی ئێمە".

سەرۆکی رووسیا دووپاتی دەکاتەوە، رووبەڕووی هەموو هێرشەکان دەبنەوە و پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن. هاوکات سزای هەموو ئەو کەسانە دەدەن کە بەشدارییان لەو "خیانەتە نیشتمانییە"دا کردووە کە گرووپی ڤاگنەر کردوویەتی و دەڵێت، "تەنانەت ناهێڵین یەک دانەشیان لە سزادان رزگاریان ببێت".

ئەم قسانەی سەرۆکی رووسیا لە کاتێکدان، یێڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر، لە تۆمارێکی دەنگیدا بە فەرمی شەڕی دژی سوپای رووسیا راگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیان 25 هەزار کەسە و دەیانەوێت گەلی رووسیا ئازادبکەن لەو سیستەمەی لە مۆسکۆ حکوم دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی رووسیا، تۆمەتی یاخیبوونی دایە پاڵ ێڤگینی پیریگۆژین و فەرمانی دەستیگیرکردنی بۆ دەرکرد، بەتۆمەتی یاخی بوون دژی سوپا.

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش لە شەقامەکانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بڵاوەیانپێکراوە و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە خراونەتە ئامادەباشییەوە.